Sarmand Hameed
04 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2023
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی کرد لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتی جێگری وەزارەت بۆ کاروباری سیاسی، عەلی باقری کەنی.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای دیدارەکەدا، عەلی باقری کەنی سڵاو و پێزانینی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و سەرکردایەتی ئێرانی گەیاندە عەبدوللەتیف رەشید.
لای خۆیەوە، سەرکۆماری عێراق لە رێگای عەلی باقری کەنییەوە سڵاو و پێزانینی خۆی ئاراستەی رابەری شۆڕشی ئێران، عەلی خامنەیی و سەرکۆماری ئێران و سەرکردایەتی ئێرانی کرد و هیوای بەردەوامی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی بۆ گەلی ئێران خواست.
سەرکۆمار جەختی لە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دۆست لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە، کە دەبێتە مایەی بەرەوپێشچونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی ناوچەکە و پەرەپێدانی هاریکاری لەبواری وزە و بازرگانیدا.
عەبدوللەتیف رەشید سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ هەڵوێست و پشتیوانیکردنی لە عێراق، و دووپاتیشی کردەوە لە گرنگی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوو وڵاتی درواسێ لە بارەی پرسە هاوبەشەکاندا و ئاماژەشی کرد بە کرانەوەی ئێران بە رووی وڵاتانی ناوچەکە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیەدا هۆکارێکی ئەرێنییە بۆ بەرجەستەکردنی ئاسایش و ئارامی.
لە لای خۆیەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، عەلی باقری کەنی جەختی کردەوە لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ بکات و عێراق و ئێرانیش خاوەنی مێژوویەکی دێرینن لە هاریکاری هاوبەشدا.
هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە توانا گەورەکانی هەردوو وڵات و رۆڵی جەمسەرییان لە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پەرۆشی سەرکۆماری عێراق دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و تێڕوانینی ستراتیژی و بنیاتنەرانەی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و لەم چوارچێوەیەشدا ستایشی هەڵوێستی سەرکۆماری کۆچکردووی عێراق، جەلال تاڵەبانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە بە بنەمای سەرەکی بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرا.