Zana Natık Kerem
18 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاند کە دانیشتوانی قەزای شنگال خۆشحاڵن، بە بوونی ھێزەکانی پۆلیسی فیدرال لە قەزاکەیان .
لیوا یەحیا رەسول لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە دانیشتوانی قەزای شنگال بە جۆرێک خۆشحاڵن بە بوونی ھێزەکانی پۆلیسی فیدرال لە قەزاکەیان، رەنگدانەوەی باشی لەسەر رەوشی ئەمنی شنگال ھەیبووە و گوتی: "رەوشی ئەمنی شنگال، بەشێوەیەکی بەرچاو باش بووە کە ئاوارەکانیش دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی عێراق بەردەوامە.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارەکرانەوە لە قەزای شنگال کە دووبارە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان، بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی (سەبارەت بەرێککەوتننامەی شنگال) رایگەیاندبوو "چاوەڕوانین رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".
لە ماوەکانی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارەبووبوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگا بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.