Sarp Özer
18 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2021
بەغداد- AA
ئەمڕۆ، وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار و سوپاسالاری تورکیا یاشار گولەر بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغداد-ی پایتەخت.
لە دەستپێکی سەردانەکەدا ئاکار و گولەر چوونە وەزارەتی بەرگری عێراق و بە رێوڕەسمێکی سەربازی تایبەت لە لایەن وەزیری بەرگری عێراق، جومعە عەناد ئەلجبووری پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا هەردوو وەزیری بەرگری پێکەوە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا و دواتر شاندی هەردوو وڵات پێکەوە کۆبوونەوە.
ئاکار، لە میانەی گوتەیەکدا باسی لەوە کرد کە ناوچەکە بە رەوشێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و رایگەیاند "پێکەوە دەتوانین بەسەر کێشەکانی ناوچەکەدا زاڵبین. دەتوانین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە هەموو روویەکەوە جوانترین شوێنی جیهانە بکەینە ناوەندی ئاشتی و ئاسایش. ئێمە رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرین. یەکڕیزی سیاسی لە عێراق بۆ ئێمە گرنگە، هەروەک هەمیشەش گوتومانە ئامانجی ئێمە ئاسایشی گەلەکەمان، پاراستنی سنوورەکانمان و بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانمانە. چاویشمان لە خاکی هیچ وڵاتێکی دراوسێ نییە".
وەزیری بەرگری تورکیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ئامادەیی رێکخراوی تیرۆريستی پەکەکە لە باکووری عێراق، هەڕەشەیە بۆسەر هەردوو وڵات و گوتیشی: "هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆريستی پەکەکە کاریگەرییەکی گرنگیان هەبووە و ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگییەکین لەگەڵ عێراق.".
