Heman Hussein Yaseen
18 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئاماری ساڵی رابردووی دەزگاکەیانی راگەیاند و تیاییدا دەرکەوت لەمیانی ساڵی رابردوودا بەھۆی مینەوە ١٠ ھاووڵاتیی گیانییان لەدەستداوە و ھەشت ھاووڵاتی دیکەیش بریندار بوونە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، جەبار مستەفا رایگەیاند کە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەگشتی ٣٦٠ ھەزار و ٦٩٦ مەتر دووجا لە ھەرێمی کوردستان لە مین پاککراونەتەوە و ھەزار و ١٧٢ مین لەنێوبراون کە ھەزار و ١٥١ یان دژە کەسی بوون و ٢١ ی دیکەشیان دژە تانک بوون.
جەبار مستەفا ئەوەیشی خستەڕوو کە، لەمیانی ساڵی رابردوودا حەفت ھەزار و ٣٠٠ پارچە تەقەمەنی و ١٧ کەرەستەی تەقەمەنی سەرپێێ لەنێوبراون، ھاوکات چوار کێڵگەش لەمین پاککراونەتەوە و ٢٧ کێڵگەی مینیشیان رادەستکراوە کە رووبەرەکەی یەک ملیۆن مەتر دووجا زیاترە، ھەروەھا گوتیشی: " لە ساڵی ٢٠٢٠ چوار خولی راھێنانمان کردووەتەوە کە تیاییدا ٢٣ ھەزار و ٣٠٦ ھاووڵاتیی لێی سوودمەندبوونە و، ٣٦١ جاریش لەلایەن رێکخراوەکانەوە سەردانی کارەکانی دەزگای مین کراوە".
لەبارەی قوربانییەکانی مین لە ساڵی رابردوودا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، جەبار مستەفا گوتی: "لە ساڵی رابردوودا، بەھۆی مینەوە ١٠ ھاووڵاتیی گیانییان لەدەستداوە و ھەشت ھاووڵاتی دیکەیش برینداربوونە".
بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا، ١٣ ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتیی بەھۆی مینەوە بوونەتە قوربانی.