Arbil
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند، حاڵەتەکانی ئێستای کۆرۆنای نوێ زۆربەیان زنجیرەی نوێی ڤایرۆسەکەن کە بازدان بەسەریدا ھاتووە.
سامان بەرزنجی لە هەژماری تایبەتی خۆی زانیاریی لەبارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو و رێککارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "حاڵەتەکانی ئێستای کۆرۆنای نوێ زۆربەیان زنجیرەی نوێی ڤایرۆسەکەن کە بازدان بەسەریدا ھاتووە".
سامان بەرزنجی لەبارەی رێککارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو ئاشکرای کردووە کە رێککارەکان ھەمان رێکارەکانی چارەسەرکردنە بۆ نەخۆشانی تووشبووی جۆرەکەی دیکەی ڤایرۆسەکە.
سامان بەرزنجی راشیگەیاند "پێویستە نەخۆش لە قۆناغی سەرەتاییدا پزیشکی چارەسەر ببینێت نەوەک خۆی دوابخات".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی هۆشدارییشیدا لەوەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستی بە خۆپارێزی زیاترە بۆ رێگەگرتن لە خێرا بڵاوبوونەوە و راشیگەیاند: "کەسوکار و نزیکانی تووشبووی کۆرۆنا پێویستە پشکنینی تاقیگە بکەن و خۆیان کەرەنتین بکەن تا کەسانی دیکە تووش نەکەن".
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەیشتووەتە ١٠٨ ھەزار و ٦٢ تووشبوو کە لەنێویاندا سێ ھەزار و ٥١٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە و ١٠٣ هەزار و ٧٨ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لەئێستادا هەزار و ٤٧٤ تووشبووی ڤایرۆسەکە لەژێر چارەسەرییدان.