عێراق

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی بارودۆخی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی کرد

- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هیچ بەربەست و بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

Sarmand Hameed  | 12.08.2020 - نوێکردنەوە : 13.08.2020
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی بارودۆخی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی کرد

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم لە کاتێکدا هیچ بەربەست و بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لە پێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک کە هەموو مەرجەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوور قبوڵ کردووە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، لە کاتێکدا بە پێی یاسا، ھەرێم ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مافی ئەو بەشە مووچەیەی ھەیە کە لە بەغداوە تەرخان دەکرا.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئەنجامی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا هەوڵەکانی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە باشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و لەپێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموو مەرجەکانی حکوومەتی فیدراڵی کە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ کردووە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت کە ئەمەش وای کردووە حکوومەتی ھەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بکات.

ئاماژە بەوەشدراوە کە بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێکی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم دروست بووە، سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، ھەرێم ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی کە بۆی خەرج دەکرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق نەکرێت لە خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەمەش دەستووری عێراق وەک بنەما جێگیری کردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران بە تووندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حکوومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات و رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.

ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەمانکاتدا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستوور دووپات دەکاتەوە و شاندی باڵای دانووستانکاریشی راسپاردووە درێژە بە دانووستانەکان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە رێکەوتن بە تایبەتیش کە لە ماوەی رابردوودا ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دەستووریەکانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدڕاڵییە لە بەرامبەردا ماف و شایستەی دارایی ھەرێم رانەگرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرکۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە کە داکۆکی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاریدراوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی مووچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستدایە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی راسپاردووە تاوەکو بەداواداچوون بۆ گرفت و کێشەی دەروازە سنوورییەکان بکەن لە پێناو رێگریکردن لە هەر سەرپێچی و کارێکی نایاسایی کە لەو دەروازانە ئەنجام بدرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın