Zana Natık Kerem
13 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2023
ھەولێر – AA
وەزارەتی گەیاندنی عێراق، قەدەغەکردنی بەکارھێنانی تێلیگرام ھەڵگڕت و ھاوکات سەنتەرێکی تایبەت بە ماف و ئازدییەکانی رۆژنامەگەریی، ئەو بڕیارەی بە ھەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەم دا.
وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە لەسەر داوای سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، قەدەغەکردنی بەکارھێنانی تێلیگرام ھەڵگیراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی گەیاندنی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەھیچ شێوەیەک دژی ئازادی ڕادەبڕین نییە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە کۆمپانیای تێلگرام رێز لە یاسا، ئاسایشی عێراق بگرێت و ھاوکاری عێراق بکات بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە لەپشت دزەپێکردنی زانیارییە کەسییەکانی ھاووڵاتییان بوون.
لەئەمڕۆوە، بڕیاری ھەڵگرتنی قەدەغەکرنی کەناڵی تێلگرام لە عێراق چووە واری جێبەجێ کردنەوە.
لەوبارەیەوە سەنتەری "نەخیل" بۆ ماف و ئازادییەکانی رۆژنامەگەریی ھەڵوێستی خۆی نیشانداوە لەبارەی بڕیاری ھەڵگرتنی قەدەغەکرنی کەناڵی تێلگرام لە عێراق و رایگەیاندووە، پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی عێراق لە بڕیاری قەدەغەکردنی تێلیگرام کەمتر لە ھەفتەیەک، شکستی حکوومەتی لە بەڕێوەبردنی تێلیگرامی دەرخست، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، دەرکردنی بڕیاری ھەڵگرتنی قەدەغەکردنی تێلیگرام لە عێراق، ھەنگاوێکی ئەرێنییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە قەدەغەکردنی تێلیگرام و و دووبارە ئاسایی کردنەوەی بەکارھێنانی تێلیگرام، ئەوە دەردەخات کە پێویست بەمیکانیزمی مۆدێرن و پێشکەوتووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەکاربھێنرێت، ھەروەھا گرنگە ژێرخانێکی بەھێز بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە عێراق ھەبێت بۆ ئەوەی بتواندرێت بەو رێگا داتا و زانیارییەکانی ھاووڵاتیان، بپارێزرێت.
سەنتەرەکە ھیوای خواستووە کە حکوومەت ھەنگاوی جددیتر بنێت بۆ لمامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیەدا و ڕێوشوێنی توند دژبەو پلاتفۆرمانە بگرێتەبەر کە گوتاری رق و کینە بڵاو دەکەنەوە.
ڕۆژی شەشی ئەم مانگە وەزارەتی گەیاندنی عێراق کەناڵی تێلیگرامی لەو وڵاتە قەدەغەکرد و رایگەیاندبوو کە لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە، ئەو بڕیارەی داوە، چونکە لەڕێگای تێلیگرامەوە زانیاری لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی و داتا کەسییەکانی ھاووڵاتییان دزەی پێکراوە کە ئەوەیش پێچەوانەی یاسایە.