سلێمانی – AA
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی عەباس عەلی دەڵێت، "ڕێژەی باران بارین و کەشوهەوا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەرهاتووە، بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تا ئێستا ناوچەکانی کوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی لە مەترسییدا بێت".
ئاوی ژێر زەوی، بریتییە لەو ئاوە قەتیسبووەی لە ناو دەمارەکانی زەوی و دەمیلەکانی ژێر زەویدا کۆدەبێتەوە بەشێوەیەک کە پێی دەڵێن حەوزە ئاوییەکان.
سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی هەریەک لە پارێزگای سلێمانی، سنووری کارگێڕی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین دەگرێتەوە.
لە سنووری سلێمانی حەوزە ئاوییەکان کراون بە چوار بەشەوە، لەو چوارچێوەی ئەو چوار بەشەشدا بە پێی زانستی هایدرۆجیۆلۆجی و تۆبۆگرافی ناوچەکە جیاکراوەتەوە بۆ ١٢ حەوزی لاوەکی. لە حەوزی پێنجوێنەوە تا دەگاتە حەوزی ڕانیە و قەڵادزێ، کە ئەویش سێ بەشە و جیاکراوەتەوە بەسەر ئەو ١٢ حەوزە لاوەکیەدا. واتە: چوار حەوزی سەرەکی لەگەڵ ١٢ حەوزی لاوەکی.
قەبارەی ئەو حەوزە ئاوە چەند بێت، ئەوەندە ئاوی تێدا کۆدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزی ئاوەکە لەگەڵ دابەزینی دەکەوێتە سەر ڕادەی پاراوبوونەوە لەگەڵ ڕادەی دەرهێنانەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، عەباس عەلی ئەحمەد، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە وردەکاری ئاوی ژێر زەوی سنوورەکە و ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم ئەو سامانە کرد کە بەهۆی ئەوەی ئاوی سەر زەوی بەشی پێویستی مرۆڤ ناکات چ لە ڕووی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و کەرتی تایبەت، پێویستییەکان زیاتر بووە، بۆیە قەبارەی ئاوی ژێر زەوی کەمبووەتەوە لە سنوورەکاندا، لەگەڵ ئەوەشدا پاراوبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی کەمبووەتەوە لە چاو جاراندا.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، باسی لەوەی کرد کە ڕێژەی باران بارین و کەشوهەوا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەرهاتووە، بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تا ئێستا ناوچەکانی کوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی لە مەترسییدا بێت.
سەبارەت بەڕێژەی پاراوبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە پار ساڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی ڕایگەیاند: ''نزیکەی سێ دەیەیە، هەموو دە ساڵێک جارێک تووشی وشکەساڵی توند دەبینەوە. پێداویستیمان بۆ ئاو زیاد دەکات، قەبارەی پاراوبوونەوەش لەبەرئەوەی وشکەساڵییە زۆر کەمدەبێتەوە. لەبەرئەوە پێداویستی زیاد دەکات و قەبارەی دەرهێنانەوە زیاد دەکات، بۆیە دابەزینی هەیە لەو بابەتەدا''.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە پاراوبوونەوە لە ناوچەی سلێمانیدا لە ئێستادا لەگەڵ هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین تا ڕادەیەک لە حاڵەتی ئاساییدایە، بەڵام ئەمساڵ ٨٠٠ ملم باران باریوە، لە هەندێک شوێن زیاتر لە هەزار و تا هەزار و ٢٠٠ملم باریوە.
گوتیشی: ''لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ٨٠٠ ملم باران باریوە، بەڵام دوای دوو ساڵ وشکەساڵی ساڵێکیان ٤١٢ ملم و ساڵێکی دیکە ٤٠٨ ملم کە لە قەبارەی ئاسایی کەمترە. بەپێی ستاندارتەکان کە ئێمە ئیشی لەسەر دەکەین، سلێمانی پێویستی بە ٥٠٠-٥٥٠ ملم هەیە لە باری ئاساییدا کە هەموو ساڵێک ببارێت، بەڵام ساڵانە ئەم ڕێژەیە کەم دەکات، ئەگەر ساڵێک لە دوای وشکە ساڵی ئەوە زیاد بکات، ئەوا قەبارەی پاراوبوونەوە زیاد ناکات، بەڵکو قەبارەی پێویستی لە ئاو باش دەبێت''.
لەبارەی دۆخی وشکەساڵییەوە کە هەریەکە لە وشکەساڵی ئاو هەوا و وشکەساڵی کشتوکاڵی و وشکەساڵی هایدۆر و وشکەساڵی ئابووریی کە کێشە گەورەکەیە دەگرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، ڕایگەیاند: ''ئێمە لە کێشەی ئاوهەوای ئەمساڵ کێشەمان نەما، لە کێشەی کشتوکاڵی ئەمساڵیشدا کێشەمان نەما، کە دوو ساڵی پێشوو هەمان بوو، بەڵام لە کێشەی هایدرۆدا هەمانە. لەبەرئەوە دوو ساڵە لەسەر یەک ئەو پاراوبوونەوەیە نەگەیشتووەتە ئاستی خۆی و بە یەک ساڵیش ئەو ڕێژەیەمان بۆ پڕناکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا قەبارەی پاراوبوونەوە لەگەڵ قەبارەی دەرهێنان فەرقی کردووە و زیادی کردووە. لەبەرئەوە بۆمان ڕێکنابێتەوە. ئەگەر بێت و سیاسەتی ئاوی خۆمان نەگۆڕین بۆ سیاسەتێکی کەمکردنەوەی تێچوو، کە ئەویش پێویستی بە کۆمەڵێک سێکتەر هەیە وەک هۆشیاری خەڵک و ئیدارەگۆڕین و ڕێنماییەکان''.
سەبارەت بە ئاستی دەرهێنان لە سنووری سلێمانی کە ئایا گەیشتووەتە ئاستێک مەترسی لەسەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی دروست بکات، عەباس عەلی ئەحمەد رایگەیاند: ''وەزارەتی شارەوانی گەورەترین بەکاربەری ئاوە. جگە لە وەزارەتی کشتوکاڵ کە بۆ کشتوکاڵ بەکاری دەهنێت، ئاستی دەرهێنان ئەگەر بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کێشەی نییە و، لەگەڵ ئەو وەزارەتانە هەماهەنگی دروست دەکەین و دەرهێنانەوەی ئاو لە ژێر زەوی کەم دەکەینەوە و پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستین، بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە ئاوی سەرزەوی وەرگرین، یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠٢١ کە لەسەر ئەم بنەمایە دەرچووە و هەوڵ دەدەین زیاتر سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین و قەبارەی دەرهێنان کەم بکەینەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر دەرهێنانەوە بەپێی ڕێنمایی هەڵکەندی بیر بێت و بەپێی ئەوە بڕۆین هیچ کێشەیەکمان تووش نابێت و کێشەی ئاویشمان باشتر دەبێت و، ئەگەر زیادەڕەوی نەبێت ئێمە دەتوانین کێشەی پاراوبوونەوە دەرهێنانەوە هاوتا بکەین''.
سەبارەت بە سوودی بەنداوەکان بۆ ئاوی ژێر زەوی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی باسی لەوە کرد کە بەنداوەکان لە شوێنی دیاری خۆیاندا دەبنە هۆی پاراوبوونەوە ئاوی ژێر زەوی و بەشێکی حەوزە لاوەکییەکە سوودی لێوەردەگرێت بۆ پاراوبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لەو سنوورە. لەبەرئەوە بەنداوەکان بوونیان زۆر باشە.
سەبارەت بە لێدانی بیر و کاریگەرییان لەسەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، باسی لەوە کرد کە بیرە یاساییەکان کێشە دروست ناکەن، چونکە بەپێی ڕێنماییەکان بیرەکە دیاری کراوە و لێدراوە، کە ئایا حەوزی ئاویەکە پاراوبووەتەوە یان نا، لەسەر ئەوە کاری لەسەر دەکرێت ئینجا لێدەدرێت.
گوتیشی: ''لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم فەرمانگەیەمان بەرەو شێوازێکی زانستیی دەڕوات و لە ڕێگەی ئەو توێژینەوانەی کردومانە توانیومانە لەو ساڵەوە سەدا ٦٠ی ئەنجامی بیرەکان سەرکەوتوو بێت و تێچووی بیرەکان کەمتر بکەینەوە و ماوەی جێبەجێکردن کارەکان سەدا ٤٠-٥٠ کەم بکەینەوە''.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو کە لە هەر سێ سنوورەکەی سلێمانیدا (سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین) ١١ هەزار بیری یاسایی هەیە کە لە ساڵی ١٩٧٥ەوە بۆ کۆتایی ٢٠٢٢ لێدراون و گوتی: ''بەڵام بە داخەوە لێدانی بیری نایاسایی کە لە دوای ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦ەوە حکوومەتی عێراق جەنگی ئیستنزافی ئاوی لەگەڵ کردین ئامێری بیرهەڵکەندی سووری لە ناوچەی ڕەبیعە و مووسڵەوە هێنایە مەخموور و کەرکووک و لەوێشەوە بە سلێمانی و سەنگاودا بڵاوبووەوە. ئەم ئامێرانە وەک کوللە وان بۆ داخڵ و دان و دەتوانن بچنە هەموو شوێنێک و لەژێر چاودێریدا نین، تا ئێستا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ بۆ هەزار و ٦٠٠ لەو ئامێرانە دەستیان بەسەردا گیراوە. ئێستاش بە بەردەوامی ڕۆژانە کێشەمان بۆ دروست دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە''.
سەبارەت بە ڕێکارییەرکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و راگرتنی یەکسانی لە پاراوبوونەوە و دەرهێنان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی رایگەیاند: ''پێویستە ڕێنماییەکان تووند بکرێنەوە و هۆشیاری کۆمەڵایەتیی زیاد بکرێت بۆ ئەوەی نەهێڵدرێت ئەو حاڵەتە تەجاوزە دروست بێت، بیری سووری یان نائاسایی بە هەرشێوەیەک بێت لە کاتی زۆر نزیکدا وشک دەبێت و سوودەکانی کاتیی دەبێت و لە ئاوێکی پاک نییە. بیرەکەش وشک دەبێت و پارەکەشتان بە فیڕۆ دەڕوات''.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، عەباس عەلی ئەحمەد، ڕوونیشیكردەوە کە ئاستی بیرەکان بەپێی حەوزە ئاوییەکان جیاوازە. لە ساڵێکدا لە چوار وەرزدا ئاستی بیرەکان وەردەگیرێن. وەرزی یەکەم و دووە تەواو بووە و وەرزی پاییز ماوە، گوتیشی: ''ئەگەر تەماشای تێکڕای هەموو ئەم سنوورە بکەین لە نێوان ئایاری ٢٠٢٢ بۆ ئایاری ٢٠٢٣ بەم شێوەیە بووە (٢٧،٨٤-٢٦-٢٩ واتە: ١،٥ مەتر بەرزبووەتەوە). ئەوەیش لە ئەنجامی ئەو ڕێژە بارانەی ئەمساڵ باریوە. بەڵام ئەم وەرزی دووەمە واتە وەرزی بەهار لەگەڵ وەرزی هاوین ئێمە لە وەرزی پاییزدا دابەزینەکە دەردەکەوێ، چونکە قەبارەیەکی زۆر لە هاوین و پاییزدا دێتە خوارەوە، لە وەرزی پاییزدا مانگی ١١ گەورەترین ڕێژەی دابەزینی ئاومان بۆ دەردەکەوێت کە ئەمساڵ چەند دابەزیوە''.
بە پێی گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ئایاری ٢٠٢٢ بۆ ئایاری ٢٠٢٣ بەم شێوەیە بووە:
"حەوزی بنگرد-سورداش: ٣٤،٢٩ – ٣٣،٨٠ واتە: ٠،٤٩ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی قەڵادزێ- سەنگەسەر: ٣٥.٣٦-٣٥،٣٣ واتە: ٠٠٣ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی ڕانیە-چوارقوڕنە: ٣٢،٤٢- ٣٢،٥٥ واتە: ٠،١٣ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی چوارقوڕنە-بەرزنجە: ٣١،٣٦- ٢٨،٩٦ واتە: ٢،٤٠ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی خورماڵ-هەڵەبجە: ٣٢،٤٦- ٣٠،٨٤ واتە: ١،٦٣ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی پێنجوێن: ١١،٨٥- ١٠،٤٥ واتە: ١،٤٠ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی سەرچنار-عەربەت: ٢٦،٩٨- ٢٤،٦٢ واتە: ٢،٣٦ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی بازیان: ٣٩،٧٨- ٣٨،٥٥ واتە: ١،٢٣ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی چەمچەماڵ: ٣٧،٤٦- ٣٥،٧٦ واتە: ١،٧٩ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی سەنگاو: ٨،٧٥- ٥،٦٥ واتە: ٣،١٠ مەتر زیادی کردووە.
حەوزی قەرەداغ: ١٥.٥٠-١٢،٧٨ واتە: ٢،٧٨ مەتر زیادی کردووە''.
تایبەت بە حەوزی عەربەت، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەو حەوزە یەکێکە لە کێشەکان و گوتی: ''حەوزی عەربەت ناوچەیەکی زۆر باش و ئاودارە، بەڵام بەهۆی ئەو زیادەڕۆییەی لەسەری کراوە ئاستی ئاوەکی زۆر دادەبەزێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بارانێکی زۆر باشی لێ باریوە، بەڵام دەرهێنانەوە زیاترە لە پاراوبوونەوەی''.
news_share_descriptionsubscription_contact



