Doga Kirmizioglu,Ramal Abdullah Mahmood
16 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە – AA
خەونەکانی کچە پەنابەری سووری، نجوم مستەفای تەمەن ١٨ ساڵ، لەلایەن ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لیۆنەل میسی وەدی هێندرا.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری فەرمی یانەی بارسێلۆنا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، چیرۆک و خەونەکانی نجوم وەدیهێندران و توانی لەگەڵ یاریزانانی یانەکە یەکتر بناسێت.
نجوم لە دایکبووی شاری حەلەبە و بەهۆی فەلەجبوونی مێشکییەوە لەسەر ویلچەر بەردەوامی بە ژیانی دەدات، بەهۆی کێشە و ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە سووریا جێ دەهڵێت و دوای بڕینی وێستگەیەکی زۆر دەگاتە ئەڵمانیا و لە شاری کۆڵن دەگیرسێتەوە.
دوای ئەوەی لەلایەن رۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی، کریستینا لامب چیرۆکی گەشت و رووداوەکانی ئەو گەشتە کە پێنج هەزار کیلۆمەتری خایاندووە دەکرێتە پەرتووک، ئیدی ئەو پەنابەرە سووریە لە سەر ئاستی جیهان دەناسرێت و خەونەکانی لەلایەن یانەی بارسێلۆنا کە خۆی هاندەریەتی، وەدی دەهێندرێت.
پاسی یاریزانانی یانەی بەرسێلۆنا تاکو بەردەکی ماڵی نجوم هاتن لە کۆڵن و ئەویان بردە ئیسپانیا و دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسێندرا لە نێو یاریگای کامپ نو سەیری یاری نێوان یانەی بارسێلۆنا و سەڵتافیگۆ بکات لە چوارچێوەی خولی لالیگای ئیسپانی، هەروەها تیشێرتێکیشی پێشکەش کرا کە لێی نووسرابوو "نجوم".
دواتر لەلایەن لیۆنەل میسی، ئاندرێس ئانیەستا، لویس سوارێز و گەرارد پیقیو و ژمارەیەکی دیکە لە یاریزانانی بارسێلۆنا پێشوازی لێ کرا.
نجوم بەهۆی ئەو رەوشە سەختیەی تیایدایە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا چووەتە بەر خوێندن. زۆر خۆشحاڵ بوو بە لەنزیکەوە بینینی میسی و وێنەی لەگەڵدا گرت و ئەو تیشێرتەی وەرگرت کە ئەو واژووی لەسەر کردووە. هەروەها نجوم پەرتووکە واژووکراوەکانی پێشکەشی یاریزانان کرد و گوتی: "خۆشترین رۆژە لە ژیانمدا. بۆ ئەم سوپرایزە گەورەیە زۆر سوپاسی میسی و بارسێلۆنا دەکەم".