Sangar Hamad Azeez,Sarmand Hameed
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لیۆنێل میسی بە یەکجاری وازهێنانی خۆی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند.
دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی چیللی بە لێدانی یەکلاکەرەوە، لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی 'TyC ' سپۆرتی وڵاتەکەی میسی گوتی: "هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ من کۆتایی هاتووە، ئەمە چوارەم یاری کۆتاییە نەمانتووانی جامەکە بەدەست بهێنین، لە هەموو نازناوێک زیاتر کۆپا ئەمریکام بەلاوە گرنگ بوو ئەمیش نەمتووانی بەدەستی بهێنم، وابزانم ئیتر کاتییەتی و وازدەهێنم".
ناوبراو گوتی: "تاوەکو یاری کۆتایی بچیت و لە یاری کۆتاییدا یەکەم یاریزان بیت کە لێدانی یەکلاکەرەوە لەدەست بدەیت، وابزانم ئەوە باشترین بڕیارە دەیدەم، زۆر ویستم لەگەڵ هەڵبژاردەکەم نازناوی کۆپا ئەمریکا بەدەست بهێنم بەڵام نەمتوانی، من لە هەموو یاریزانان زیاتر هەست بە ئازار دەکەم بەهۆی دۆڕانەکەوە، چەند ناخۆشە نەمتووانی ئەو دەستکەوتە لەگەڵ هەڵبژاردەکەم بەدەست بهێنم و واز لە یاریی کردنی نێودەوڵەتیش دەهێنم".
بە گوێرەی مێدیاکان کاردانەوەی خراپی هاندەران بەرامبەر بە میسی وای لە چەند یاریزانێکی دیکەی هەڵبژاردەکە کردووە کە بە هەمان شێوەی میسی بیر لە وازهێنانی یەکجاریی بکەنەوە لەگەڵ هەڵبژاردەکەیان لەوانەش خافیەر ماسکێرانۆ و سێرجیۆ ئەگوێرۆ.
میسی کە لە ئێستادا تەمەنی ٢٩ ساڵە، ١١٣ یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئەنجام داوە و توانیوویەتی ٥٥ گۆڵ تۆمار بکات، ئەو یاریزانە سەرەڕای بەدەست هێنانی چەندین نازناو لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەکەی جگە لە چوار جار گەیشتن بە یاریی کۆتایی لە کۆپا ئەمریکا هیچ دەستکەوتێکی دیکەی بەدەست نەهێناوە.