مەدرید
كاتژمێر ٨:١٠ خولەكی ئەمشەو لە چوارچێوەی هەفتەی ١٢ی خولی لا لیگای ئیسپانیا، یاری كلاسیكۆ لە نێوان یانەی ریال مەدرید و یانەی بەرشەلۆنە بەڕێوە دەچێت.
لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لویس ئێنریكی گوتی: "ریال مەدرید یانەیەكی زۆر بەهێزە بەڵام لە سەرووی ئێمەوە نییە".
ناوبراو باسی لەوە كرد كە هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان یاری كلاسیكۆ و یارییەكانی دیكە و گوتی: "ئێمە چاومان لە ٣ خاڵی یارییەكەیە، بەڵی ریال مەدرید یانەیەكی بەهێزە، هەردوو تەكنیكی پاسی كورت و درێژ پەیڕەو دەكات، یەكێكە لە یانە هەرە بەهێزەكانی ئەورووپا، بەڵام لە سەرووی ئاستی بەرشەلۆنەوە نییە، هەردوو یانە هەمان ئامانجمان هەیە، دەبێت لە باشترین ئاستی خۆمان بین تاكو یاریەكە ببەینەوە".
راهێنەری بەرشەلۆنە باسی لەوە كرد كە پێشووتر وەك یاریزان رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید بووەتوە و گوتی: "تێڕوانینی راهێنەر بە بەراورد بە یاریزان بۆ یارییەكان زۆر جیاوازە، من ئێستا زۆر ئارامم و هەست بە فشار ناكەم و شەو زۆر بە ئارامی دەخەوم".
لویس ئێنریكی گوتی: "هەر یەك لە یاریزانان لیۆنێل میسی و ئیڤان راكیتیچ لە پێكانەكانیان چاك بوونەتەوە و ناویان لە لیستی ئەو یاریزانانە دەبێت كە بۆ یارییەكەی ئەمشەو ئامادە دەبن".
لویس ئێنریكی بە ناڕاستەوخۆ تیشكی خستە سەر ئەوەی كە یاری بە میسی ناكات لە سەرەتای یاریەوە و گوتی: "میسی سەد لە سەد ئامادەیە بۆ یاریەكە بەڵام تاكو ئێستا قسەم لەگەڵ نەكردووە كە ئایا لە سەرەتایی یاریەكەوە یاری پێبكەمیان نا،بەڵام بوونی یاریزانێكی وەك میسی گرەنتییەكی باش بە یانەكە دەبەخشێت".