Muhammet Ali Kemal
15 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2018
مەدرید - AA
لە میانی رکابەرییەکانی هەفتەی ١٩ی لا لیگادا، یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە.
ریال سۆسیداد میوانداریی بارسێلۆنای کرد و لەژێر بارانێکی بەلێزمەدا یاریی نێوانیان بەڕێوەچوو. لە خولەکی ١١دا یانەی خاوەن ماڵ لە رێگەی گۆڵێکی ویلیان خۆسێوە ئەنجامەکەی کردە یەک بە سفر.
یانەی خاوەن ماڵ بەردەوام بوو لەسەر هێرشەکانی لەبەرامبەر بارسێلۆنای پێشەنگدا و لە خولەکی ٣٤دا لە رێگەی خوانمییەوە جیاوازی گۆڵەکانی کردە دوو گۆڵ و ئەنجامەکەی کردە دوو بە سفر. بەڵام زۆری پێنەچوو کە لە خولەکی ٣٩دا پاوڵینۆ لە رێگەی گۆڵێکەوە جیاوازییەکەی کەمکردەوە و ئەنجامەکەی کردە دوو بە یەک. بەو ئەنجامەش گێمی یەکەم کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا بارسێلۆنا بە شێوەیەکی باشتر دەستی بە یارییکردن کرد و لە خولەکی ٥٠دا ئەنجامی یارییەکەی لە رێگەی گۆڵێکی سوارێزەوە یەکسانکردەوە، دوو بە دوو. جارێکی دیکە و لە خولەکی ٧١دا، سوارێز گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمار کرد و بە گۆڵێک بارسای پێشخست.
لە خولەکی ٨٥دا، لیۆنێل میسی لە رێگەی لێدانێکی راستەوخۆوە، گۆڵی چوارەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ بارسا کردە چوار بە دوو و هەر ئەوەش بووە دوایین ئەنجامی یارییەکە.
بارسا کە بێ دۆڕان لە وەرزەدا بەردەوامە، بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی بۆ ٥١ بەرزکردەوە و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی ریال مەدریددا کە لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی لا لیگادایە، بۆ ١٩ خاڵ بەرزکردەوە.