Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی - AA
شەوی رابردوو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند.
راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە، كاردانەوەی جیای لایەنە بەشداربووەكانی پڕۆسەكە لێكەوتەوە، بەشێوەیەك پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئەنجامەكەیان قبوڵكرد و پێشوازییان لێكرد، بەڵام لایەنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و نەوەی نوێ ئەنجامەكەیان رەتكردەوە و نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش لە ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆن ئامادە نەبوون واژوی ئەنجامەكە بكەن.
ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانییەتی بەرەو ئیسڵاح بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، شێركۆ جەودەت لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو دەرئەنجامە بەراییەكانی رەتكردەوە، هەروەها پشتیوانی هەڵوێستی ئەندامانی كۆمیسیارانی ناڕازی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەكەین كە واژوی دەرەنجامی كۆتاییان نەكرد بەهۆی ئەوەی خروقاتی یاسایی و پێشێلكاری زۆر زۆری تێدایە و رێگا نەدرا بەوەی بەپێی یاسا راست بكرێتەوە، كۆمیسیۆن پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی خۆی كرد كە بەبێ دەنگی ئەندامانی كۆمیسیۆن ئەنجامی كۆتایی راگەیاند".
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە و دوا بڕیاری حزبەكە لەو بارەیەوە كە ئەگەری بایكۆتكردنی پەرلەمان یەكێكە لە ئەگەرەكانی بەردەم سەركردایەتی یەكگرتوو.
شێركۆ جەودەت گوتیشی: "ئێمە هەموو رێكارە یاساییەكان دەگرینە بەر بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان و راستكردنەوەی تەزویر و ساختەكارییەكان، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتووش دەبێت راپرسی بكەین لەناوخۆی حزب و رێكخستنەكانی خۆماندا بۆ ئەوەی بەرچاو روون بین و بزانین بەشداری پەرلەمانی كوردستان بكەین یان نا".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد کە، بە زووترین كات ئەو راپرسییە لەناوخۆی حزبەكەیاندا ئەنجام دەدەن و بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە دەدەن. بۆ ئەو مەبەستەش سەركردایەتی ئەو حزبە بڕیاری پێداچوونەوەی تەواوی لەناوخۆی حزبەكە داوە و رۆژی 25ی ئەم مانگە كۆنفڕانسێكی تایبەت لەو بارەیەوە لە شاری دهۆك ساز دەكەن.
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكگرتوو گوتی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتوو لە نێوان دوو كۆنگرەكەدا و دوو ساڵ جارێك پێویستە كۆنفرانسێك ساز بكرێت، بەڵام كاتی كۆنفڕانسی ئەمجارە لە كاتێكدایە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریداوە بەخۆداچوونەوەی قوڵ بكات لە ئۆرگانەكانی و گۆڕانكاری گەورە بكات لە هەیكەلیەت و شێواز و سیاسەتی رابردوویدا، بۆیە كۆنفڕانسەكە وێستگەیەكی زۆر گرنگە بۆ گۆڕانكاری گەورە لەناو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا".
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی بەرەو ئیسڵاح كە لە هاوپەیمانییەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان پێكهاتبوو 79 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە كە 5 كورسی پەرلەمانی بەردەكەوێت.