Hemn Baban
29 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2016
بەشداربووانی چالاكییەكە بەتاسەوە باسیان لە گرفتەكان و جیاكارییەكان لەسەر بنەمای تایفی، مەزهەبی، زمان، نەتەوە و چۆنییەتی چارەسەركردنیان دەكرد.
رێكخراوی ئاشتی و ئازادی بەهاوكاری پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان "UNDP" و بە چاودێری رێكخراوی پاكس وۆركشۆپێكی لەبارەی جێندەر و رۆڵی چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بەدیهێنانی یەكسانی و دادپەروەری لەنێوان هەردوو رەگەز، سەرباری كاركردن لەسەر بڕیاری ژمارە 1325ی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە ئافرەتان و ئاشتی و ئاسایش بۆ ژمارەیەك لە گەنجانی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لە شاری هەولێر درێژە پێدا كە چەند رۆژێكە دەستی پێ كردووە.
بەپێی ئەوانەی بەكارەكە هەڵساون مەبەست لەو چالاكییە لێی راهێنانی گەنجانە بە جیاوازیی پێكهاتە و زمان و رەگەز و ناوچە و جیاوازی بیر و بۆچوونەكان لەسەر رەچاوكردنی جیاوازییەكان و بەدیهێنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و هۆشیاركردنەوەی خەڵكە لەسەر نەهێشتنی جیاوازی جێندەری.
رێكخەری عێراق لە رێكخراوی پاكسی هۆڵەندی عێراق كە تایبەتە بە بونیاتنانی ئاشتی و چارەسەریی ململانێیەكانە ئیبتیسام لەتیف لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە چالاكییەكان كرد و گوتی: "لەسەر پرۆژەی 'هەموومان هاووڵاتیین' كار دەكەین لەسەر جەختكردنەوەی ئەوەی پێدەگوترێت چەمكی هاووڵاتیبوون وەكو ئەڵتەرناتیڤێك بۆ تێگەیشتنی تایفی، ئامانجمان لەم راهێنانە توێژی گەنجانە كە كەسێك سەرپەرشتییان دەكات و پێی دەگوترێت باڵیۆزی هاووڵاتیبوون، لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراقەوە گەنج هاتوون بۆ ئەم راهێنانە كە لە كۆتاییدا دەمانەوێت دژی تایفی و مەزهەبی بوەستینەوە".
ئەو گوتیشی: "دەمانەوێت لە رێگەی ئەو گەنجانەوە و پڕۆژەكانمان فشار بخەینە سەر لایەنە باڵادەست و بڕیار بەدەستەكان بۆ ئەوەی بیری تایفی بگۆڕین و كار لەسەر یاسا و ئاشتی و یەكسانی كۆمەڵایەتی بكەین. چەندین راپۆرت و توێژینەوە و كۆبوونەوە و وۆركشۆپمان لەوبارەیەوە كردووە. بۆیە بەگشتیی لەسەر دوو تەوەر كار دەكەین یەكسانیی رەگەزی كە لە رێگەی ئەو گەنجانەوە دەبێت لە پارێزگاكان هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو پێشێلكارییانەی لەمبارەیەوە لە پێشنیاز و پرۆژەكانماندا دەكرێت".
ئیبتیسام هەروەها زیاتر دوا و گوتیشی: "ئێمە پێویستە كار لەسەر ئاشتی بكەین بەتایبەت دوای هێرشەكانی داعش و رزگاركردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش بوون، چونكە داعش كاری خراپی كردووە لە تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكهاتەكانی دژی یەكتر كردەوە بە رادەیەكی زۆر خراپ".
یەكێك لە بەشداربووانی ئەو چالاكییە بە عەبا و جلێكی داپۆشراو لەوانی تر جیا دەكرانەوە، ئەو باسی لەوە دەكرد كە لەگەڵ هاوڕێ و بەشداربووانی وۆركشۆپەكە باس لە نەهێشتنی شوێنەوارەكانی داعش و پێش داعشیش دەكەن و كار بۆ نەهێشتنی جیاوازیی جێندەری دەكەن لەپاڵ بڵاوكردنەوەی ئاشتی كۆمەڵایەتی. چالاکوان لە پارێزگای دیوانییە، نەورەس ئەلشەبانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " كۆمەڵگەی عێراق پێشتر و لە ئێستاشدا رووبەڕووی چەندین هەڵمەت لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكان بووەتەوە كە ئامانجیان لێی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتییە لە عێراق، بۆیە دەمانەوێت ئەو تایفییەی كە لەعێراق چێندراوە نەهێڵێن یان هیچ نەبێت كەمی بكەینەوە، ئێمە كاردەكەین لە دژی تایفییەت و جیاوازی لەسەر بنەمای پێكهاتە و زمان و رەگەز، ئەو كۆمەڵە گەنجە دەستمان داوەتە كارەكە و هیممەتمان بەرزە بۆ ئەوەی پلان دابڕێژێن بۆ ئەوەی توێژینەوە بكەین بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو جیاوازییانەی لەسەر ئەو بنچینانە هەیە كە باسمان كردن".
لە چالاكییەكەدا ئەو گەنجانەی لە هەموو پێكهاتەكانی عێراق بوون زۆر تەبا و تێكەڵ بوون، پێدەچوو نموونەی باش بن بۆ دواڕۆژی عێراق كە هەمووان دەیانەوێت جیاكاری و جیاوازی لەسەر بنەمای رەگەز، تایفە، مەزهەب، نەتەوە، زمان تێیدا نەمێنێت. بۆیە زۆر بە چوست و چالاكییەوە بەشداریی دانی پێشنیاز و خستنەڕووی چارەسەرییەكان بۆ نەهێشتنی جیاكارییەكان دەکرد.