Azat Muhemmet
16 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2017
کەرکووک - AA
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی رایگەیاند:"لە نێو حەشدی شەعبی خەڵکانێک ھەن بە زمانی فارسی قسە دەکەن و بەو چەکانە دژی پێشمەرگە شەڕیان دەستپێکردووە کە ھاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش بە سوپای عێراقی داوە".
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە ناحییەی تازە و ناوچەی پیشەسازی کەرکووک، دەستپێشخەری شەڕییان کرد دژ بە ھێزەکانی پێشمەرگە، لە ئێستادا شەڕەکە بەردەوامە لە رێگەی چەکی قورسەوە بۆردوومان کردنی یەکتر دەکەن".
کەمال کەرکووکی باس لەوە دەکات کە ھاوپەیمانان چەندین رۆژە چاودێری دۆخەکە دەکەن و فڕۆکەکانیان لە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕێنەوە، ئەنجامی چاودێریکردنەکە کەمێکی دیکە دەردەکەوێت.
لەبارەی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک، کەمال کەرکووکی دەڵێت: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سات بە سات لەسەر ھێلە، ئێمەیش لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دانمان بەخۆدا گرت و دەستپێشخەری شەڕمان نەکرد، لەسەر داوای جەنابی سەرۆک بە جۆرێک لە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دێینە دەست کە بەھیچ شێوەیەک بیر لە داگیر کردنی کەرکووک نەکەنەوە".
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵی ھێرشکردنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک سەدان ھاووڵاتیی سڤیلی شارەکە رژاونەتە سەر شەقام و بەشێکی زۆریشیان وەک پاڵپشتی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەدان، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی وێڕای سوپاسی بۆ ھەڵوێستی خەڵکی خۆڕاگری کەرکووک داوای لە ھاووڵاتییان کرد بە ورە بەرزی بمێننەوە و پێشمەرگە سەرکەوتوو دەبێت.