Mazın Asad,Abdullah Shukur
15 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھو، بەشێوەیەکی جیاواز ھەڵوێستی لەبارەی چارەسەری دوو دەوڵەتی یاخود یەک دەوڵەتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین نیشان دا و رایگەیاند: "ھەرچیەک کە ئەم دوو لایەنە رێککەوتنیان لەسەر کردبێ پابەندی دەبم. ھەر یەک لە دوو چارەسەرییەکە دەبێ (چارەسەری یەک دەوڵەتی یان دوو دەوڵەتی). پێموایە چارەسەری دوو دەوڵەتی باشترە: بەڵام ئەگەر بژاردەی ئیسرائیل یان فەڵەستین ھەر چیەک بێت ئەوا من پابەندی دەبم".
ترەمپ لە دوای دەستبەکاربوونی پێشوازی لە سێیەم سەرکردەی بیانی کرد و ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھو ساز کرد و ئاماژەی بە پرسەکانی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێی جولەکە کرد.
سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی جیاواز تێڕوانینی لەبارەی چارەسەری پرسی فەڵەستین و ئیسرائیل خستەڕوو و رایگەیاند بێجگە لە چارەسەری دوو دەوڵەتی، بۆ جێگرەوەی دیکەش کراوەن.
ترەمپ گوتیشی: "ھەرچیەک کە ئەم دوو لایەنە رێککەوتنیان لەسەر کردبێ پابەندی دەبم. ھەر یەک لە دوو چارەسەریەکە دەبێ (چارەسەری یەک دەوڵەتی یان دوو دەوڵەتی). پێموایە چارەسەری دوو دەوڵەتی باشترە: بەڵام ئەگەر بژاردەی ئیسرائیل یان فەڵەستین ھەر چیەک بێت ئەوا من پابەندی دەبم".
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەدا بە ناتانیاھۆی گوت: "پێویستە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێی نوێ کەمێک رابگرێت".
ترەمپ روونیشی کردەوە کە لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێی نوێی جولەکە لەگەڵ ناتانیاھو رێک دەکەون و لە بەرامبەر ناتانیاھو گوتی: "بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە رێک دەکەوین. گەورەترین ئاستەنگ لە پێش ئاشتی، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێی نوێ نییە".
-پرۆگرامی ناوەکی ئێران
ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ ناتانیاھو باسی ئاسایشی ئیسرائیل و بە تایبەتی بابەتی پرۆگرامی ناوەکی ئێرانیان کردووە. گوتیشی: "رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی".
ترەمپ جارێکی دیکە باسی لەوە کرد کە رێکەوتنی ناوەکی ئێران بە واژووی ئیدارەی باراک ئۆباما خراپترین رێکەوتنامە بووە کە تاکو ئێستا بینویەتی. جەختیشی لەوە کردەوە کە بەمەبەستی ئاسایشی ئیسرائیل، رێوشوێنی پێویست لە دژی ئیدارەی تاران دەگرنەبەر.
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەسندکردنی پڕۆژە یاسایەکی دژی ئیسرائیل لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەوا نییە و کارێکی تاکلایانەیە.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەبارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤەوە بۆ قودس گوتی: "دەمانەوێ ئەمە ببێت. سەیری ئەوە دەکەین کە کەی جێبەجێ دەکرێت".
لە لایەکی دیکەش سەرۆکی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھو رایگەیاند کە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی پێویستە فەڵەستین دان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دابنێت و بە پێچەوانەوە دەستەبەرکردنی ئاشتی لە رۆژھەڵات ناوەڕاست سەخت دەبێ. ناتانیاھو ئاماژەی بەوەش دا کە ھاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ بەھێزتر دەبێت و ئەمریکا گەورەترین ھاوپەیمانی ئیسرائیلە.