Hemin Hüseyin
15 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2017
هەولێر-AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەکو ئەنەکەسە بەشداری کۆبوونەوەی ئاستانا ناکەن و پاساویش بۆ بەشدارینەکردنەکە ئەوەیە کە کۆبوونەوەکە باسی پرسی سیاسیی ناکرێت، هاوکات ئاشکرایشی دەکات کە لە کۆبوونەوەی جنێفدا بەشداردەبن کە بڕیارە باسی قۆناغەکانی گواستنەوە و دانانی دەستوور و ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش بکرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەبەر ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئاستانا تەنیا باسی راگرتنی شەڕ لە سووریا دەکرێت و تاوتوێی پرسی سیاسی ناکرێت، بۆیە ئەنەکەسە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات".
ئیبراهیم برۆ ئاماژەی بەوەیشکرد کە لە کۆبوونەوەی یەکەم لە ئاستانا، نووسراوێک لەبارەی وەستانی شەڕ ئاراستەی رووسیا کرا و باسیان لەوە کرد لە شەشی مانگ وەڵامیان دەدەنەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە، بۆیە لەم کۆبوونەوەیەدا باس لەو پرسە دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان بەشدار نابن لەو کۆبوونەوەیەدا، چونکە تەنیا باس لە چۆنیەتیی راگرتنی شەڕ دەکرێت و ھیچ باسی سیاسی ناکرێت، بەڵام لەجنێف بەشداری دەکەن و لە کۆنگرەی جنێف سێ ئەجێندا ھەیە باسی دەکرێت، ئەویش قۆناغی گواستنەوە و دانانی دەستوور و دواتر ئەنجامدانی ھەڵبژادن، بەڵام سەرەتا باسی قۆناغی گواستنەوە دەکرێت.