Hamit Hüseyin
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
ئەمڕۆ لە ساڵرۆژی جاڕنامەی جیاهنی مافی مرۆڤ، ئەندام و لایەنگرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد-سووریا (ئەنەکەسە) لە سەرجەم شارە کوردییەکانی سووریا و ھەوەھا لە ھەرێمی کوردستانیش لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی سیاسەتەکانی پەیەدە گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
لە گردبوونەوەکە دروشمی ئیتر بەسە و دەستگیرکراوان ئازاد بکەن، رێگە بە پێشمەرگەی رۆژ بدەن، یەکگرتنەوە و ئاڵای کوردستان مەسوتێنن بەرز کرابوویەوە. ھەوەھا لە گردبوونەوەکەی بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداربووان ئاڵای کوردستان بە زنجیر بەست بوو.
دواتر ئەندامانی ئەنەکە بەیاننامەکەیان ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەولێر کرد.
ھەروەھا بەرپرسی نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا لە هەرێمی کوردستان، خیالد عەلی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لە کونگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئامادەبووان گوتی: "ئەمڕۆ نەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا داوای لە لایەنگرانی کرددووە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان و لە ناوچەکانی کورد لە سووریا خۆپێشاندان بکەن لە دژی پێشلکارییەکانی پەیەدە و رژیمی ئەسەد لە ناوچەکانی کوردی لە سووریا و ھەروەھا ئێمە بەردەوام دەبین لە چاڵاکییەکانی خۆمان لە دژی ئەوان".
بەرپرسی نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا لە بارەی ناوەروکی بەیاننامەکەیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "لە نوسراوی ئێمە چەندین پێشلکاریی رژیمی ئەسەد و پەیەدە لە دژی خەڵکی ئێمە ھەر لە ٢٠١١ کە بەردەوام ئەم کارەیان کردوون باسکراوە و ھەروەھا باس لە کوشتنی تاک،تاک و کۆژراوانی عامودا و چەند شوێنکی دیکە کراوە و ھەوەھا رفاندنی منداڵانی تەمەن بچووک کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵان کەمتر بوون و ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنی کەسایەتیی سیاسی ھەموویان باس کراون".
لە کۆتاییدا گوتی: "پەیەدە لە پێکھاتەی کوردی دروستبووە بەڵام پرەنسیپ و ئایدۆلوجیای سیاسی پەیەدە دژی ھەموو مافەکانی کورد و ئاسایشی نەتەوەی کوردە، تا ئێستا ئاشکرا بووە کە پەیەدە لەو چەند ساڵە لە دەڤەری کوردی لە سووریا گەورەترین ھێرشی کردووەتە سەر خەڵکی سڤیل ئەمەش لە کاتێکدایە کە رژیمی بەعس لە ٥٠ ساڵی رابردوودا نەیتوانی وەک ئەوان بکات".
ھەروەھا سەرۆکی ئەنەکەسە، ئیبراھیم برۆ لە گردبوونەوەکەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ئەو خۆپێشاندانە لە دژی زۆلم و زۆری ٥٠ ساڵەی رژیمی بەعس و ھەوەھا ئەو زۆلمەی لەو ٦ ساڵە لەلایەن پەیەدەوە دژ بە خەڵکی کورد دەکرێت بەرێوە دەچێت و لە ئێستادا کە پەیەدە وەکالەتی دەڤەرەکانی کوردی لە رژیمی بەعس وەرگرتووە و کردارەکانی ئەوان زۆر ناشەرعی و نامرۆڤانەن و ئەوان ھەموو کردارێکی خراپ لە دژی ئەنەکەسە و تەڤگەری کورد لە سووریا ئەنجام دەدەن و ئێمە داواکارین بەو بەڵگانەی کە لەدەست ئێمەن نەتەوەیەکگرتووەکان فشاریان بخاتە سەر تا ئەو کردارە خراپانە لە بەرامبەر بە کورد کەم بکرێنەوە".
برۆ گوتیشی: "تا ئێستا ٣٦ کەسی ئێمە لە دەست پەیەدەدان و ئەوان پێشتر چەندین کەسیان لە ئەندامی و لایەنگەرانی ئێمە دەستبەسەرکردووە و ھەروەھا چەندین کەسی ئێمەیان کوشتووە".
یەکێکی لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە ناوی سەنا خەلیل گوتی: "ئێمە پشتگیری لە دۆستانی خۆمان دەکەین لە سووریا و داواکارین کە ئەو دۆستانەی ئێمە رزگار بکرێن و پەیەدە لە سووریا خۆی بە دەسەڵاتدار دەزانێت و دەیانەوێت خەباتی ٥٠ ساڵەی ئێمە بسڕنەوە".