Zana Natık Kerem
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
ئەندامی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، ئەیاد رافد رایگەیاند بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێكدادان و بۆردومانەکانی داعش بۆ سەر ئەو گەڕەكانەی شاری مووسڵ کە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، لە ماوەی ٤٨ كاتژمێری رابردوودا، ٧ کەس هەزار هاووڵاتی مەدەنی لەو شارە ئاوارە بوون.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەیاد رافد گوتی: "لەو ٧ هەزار کەسە، هێزەكانی سوپا و تیمەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، ٦هەزاریان بۆ كەمپی، جدعە لە ناحیەی گەیارە باشووری مووسڵ و هەزارەكەی دیكە بۆ كەمپەكانی خازر و حەسەن شام گواستراونەتەوە".
ئەیاد رافد ئاماژەی بەوەش دا كە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێكدادانەكان و بۆردومانی مووشەكی داعش، ئەو ٧ هەزار هاووڵاتییە مەدەنییانە لە گەڕەكەكانی رۆژهەڵات و باشووری مووسڵ ئاوارە بوون.
بەپێی گوتەی ئەندامەكەی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، ئەم ژمارەیە بە زۆرترین ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی كە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ رۆژانە ئاوارەبوون، تۆمار كراوە.
هەفتەی رابردوویش وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد رایگەیاندبوو كە ژمارەی ئاوارەكانی مووسڵ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٠ هەزار كەس.