سلێمانی
دوای ئەوەی حەسەن رۆحانی وەک سەرکۆماری ئێران ھەڵبژێردرا کوردانی ئەو وڵاتە چاوەڕوانی بەڵێنەکانی ڕۆحانی و ئەنجامدانی ریفۆرم و چاکسازی دەکەن.
سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران عەبدوڵا موھتەدی لەبارەگای سەرەکی پارتەکەی لەگوندی زڕگوێزی نزیک شاری سلێمانی، لەدیمانەیەکدا لەگەڵ AA باسی لە بارودۆخی ئێستای حزبەکەی و پرسی کورد لەئێران و ناکۆکی نێوان لایەنە کوردییەکانی ئەو ووڵاتە و پرۆسەی چاکسازی لەتورکیا کرد.
موھتەدی ٦٤ ساڵی تەمەنی بەڕێکردووە و لەساڵی ١٩٦٩ لەزانکۆی تاران یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، دوای ٤ جار گرتن و دادگاییکردنی لەساڵی ١٩٨٣ ھاتۆتە ناوخاکی عێراقەوە و تائێستا نەیتوانیوە بۆ جارێکیش سەردانی ووڵاتەکەی بکاتەوە.
لەسەرەتای وتەکانیدا موھتەدی باسی لەشۆرشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران کرد و گوتی: "لەشۆڕشەکەدا لایەنگری لابردنی شای ئێران بوین، خەباتی ئێمە و مەبەستی ئێمە ھەموو ئێران بوو، داوای مافی چارەی خۆنوسین بۆ کورد و مافە نەتەوەییەکانی تر بوین، دروشمی ئەو کاتەشمان ئۆتۆنۆمی بوو بۆ کورد. ئێمە بەئەنجامەکانی شۆڕش و ئینقلاب نیگەران بوین و ھیچ کاتێک ئامادەی ھاتنە سەرکاری دەوڵەتێکی ئایینی نەبوین و بۆ یەک چرکەش پشتیوانی خومەینیمان نەکردووە، لەسەرەتاشەوە ھەڵوێستمان لەسەر ئەو ڕژێمە ھەبووە و پێمان وایە شۆڕشەکەیان بەلاڕێدا برد، پێویست بوو شۆڕشەکە بۆ ئازادی و دادوەری بێت و دژی تاکڕەوی بێت، بەڵام ئەوان کردیانە شۆڕشێکی ئایدۆلۆجی ئاینی (شیعە مەزھەب)ی خراپتر لەسەردەمی شا، بۆیە ئەوە جێگەی قبوڵ کردن نەبوو."
عەبدوڵا موھتەدی ھەروەھا گوتی: "دوای ساڵانی ١٩٨٠ کوردەکانی ئێران کەوتنە ناکۆکی قوڵ لەگەڵ رێبەرانی شۆڕش و ئینقلابی سەرکەوتوو لەتاران و دەستییان بەشۆرشی سیاسی و چەکداری کرد. کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ساڵی ١٩٦٩ دامەزراوە، چالاکی و خەباتی سیاسی ئەو حزبە لەساڵی ١٩٧٩ بەدواوە دەستی پێکرد، بەڵام نزیکەی ٢٠ ساڵە چالاکیە چەکدارییەکانیان لە دژی ئێران ڕاگرتووە . لەساڵی ٢٠٠٠ گۆڕانکاری تەواو بەسەر ئایدۆلۆجیا و سیاسەتی کۆمەڵەدا ھات. لەو ساڵەدا پێداچونەوەی تەواومان کرد بەئایدۆلۆجیا و سیاسەتەکانی خۆماندا، دوای ئەو ساڵە لەچەپەوە گۆڕاین بۆ خەتی سۆشیال دیموکرات و کرانەوەیەکی فکری سیاسیمان بەخۆمانەوە دروستکرد. ئەو گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر داواکارییەکانی کۆمەڵەش ھەبوو و لەساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە داوای ئێرانێکی فیدراڵی دیموکراتی سیکۆلار دەکەین کەمافی کورد لەو ووڵاتەدا پارێزراو بێت و خوازیاری جیابونەوەش نین لەئێران."
پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ناکۆکی و جیاوازی زۆریان ھەیە، تائێستاش بەشێک لەو حزبانە پەیوەندییان بەیەکەوە نییەو یەکتر تۆمەتبار دەکەن، موھتەدی لەبارەی پژاکەوە دەڵێ: "پژاک بەشێکن لەپەکەکە و ھیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەوان نییە، ناشمانەوێ پەکەکە دەست لەکاروباری ناوخۆی ئێران وەربدات و مافی ئەوان نییە لەسەر ئێمە شەڕ بکەن."
لەئێراندا ٦ نەتەوەی سەرەکی (فارس، ئازەر، کورد، بەلوچ، عەرەب، تورک) ھەن، بەگوێرەی ئامارە ناڕەسمییەکان رێژەی کورد لەو ووڵاتە دەگاتە ١٠ ملیۆن کەس.
موھتەدی لەبارەی داواکاری ئەوان بۆ سەربەخۆیی دەڵێ: "کوردستانی ئێران بۆخۆی بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی دەدات، بەوەی ئایا لەناوخۆی ئێران مافەکانی خۆی دەوێ یان ھەر بڕیارێکی تر کەخۆی دەیەوێ، ھیچ پارچەیەکی کوردستانیش مافی ئەوەی نییە ئیرادەی خۆی بەسەر پارچەکانی تردا بسەپێنێ ئەگەر بۆ کوردستانێکی سەربەخۆش بێت، حەزناکەین بەزۆر کوردستانی یەکگرتومان پێ دروست بکەن."
دوای سەرکەوتنی حەسەن ڕۆحانی لەھەڵبژاردنی سەرۆکی ووڵاتەکەدا، بەشێک لەکوردەکانی ئێران بەگەشبینییەوە لەو سەرکەوتنەیان دەڕوانی و چاوەڕوانی چاکسازی و گۆڕانکاری بون لەئێراندا، عوبدوڵای موھتەدی لەوبارەیەوە دەڵێ: "سیاسەتەکانی ئێران دژی کورد درێژەی ھەیە و تائێستا ئاماژەیەک بۆ ڕیفۆڕم لەکارەکانی ڕۆحانی بەدی ناکرێ، بەڵام پێویستی بەساڵێک چاوەڕوانی ھەیە تاوەکو بزانین سیاسەتەکانی ڕۆحانی چۆن دەبێت."
پاش پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لەتورکیا، کوردەکانی وڵاتی ئێران بەئیجابییەوە لەو ھەنگاوانە دەڕوانن و پشتیوانی دەکەن.
سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران خۆشحاڵە بەو پێشکەوتنانە و گوتی: "پرۆسەی دیموکراتی لەتورکیا زۆر پۆزەتیڤە و بەرەو پێشەوەچونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئێمە پشتیوانی لەو پرۆسەیە دەکەین و ھیوای سەرکەوتنی پرۆسەکە و بەدەست ھێنانی مافەکانی کورد دەخوازین."
موھتەدی کرانەوەی دیموکراتی بەرز دەنرخێنێت و دەلێ: "لەماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو گۆڕان و کرانەوەیەکی دیموکراسی لەتورکیا دەبینین کەئەوەش ھەنگاوێکی پۆزەتیڤە، بەبڕوای ئێمە لەووڵاتێکی وەک تورکیا خەباتی چەکداری پێویست نییە، چونکە ڕێگەی پەرلەمانی و سیاسی و دروستکردنی حزب و ڕێگای خەباتی مەدەنی وئاشتییانە ھەیە و پێویستت بەوە نییە شەڕی چەکداری بکەیت، کەئەگەر لەئێرانیش ئەو ئازادییانە ھەبوایە پێویستمان بەخەباتی چەکداری نەبوو."
عەبدوڵای موھتەدی لەبەشێکی تری دیمانەکەدا باس لەدۆخی ئێستای سوریا دەکات و وولاتی ئێران بەھۆکاری گەورەی مانەوەی ڕژێمی ئەو وڵاتە دەزانێ و گوتی: "ڕژێمی ئەسەد ڕژێمێکی دیکتاتۆرە و پێویستە کۆتایی پێ بێت، بەڵام ھۆکاری سەرەکی مانەوەی ئێرانە کەدەخوازێ بەسەر ھەموو ناوچەکەدا زاڵ بێت و نایەوێ پێشکەوتن و دیموکراسی لەووڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا سەربگرێت."