Zana Natık Kerem
05 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2017
قاهیرە ــ AA
سەركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی دوایین پێشهاتەكانی رەوشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵ سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین تاوتوێ كرد.
لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری میسردا هاتووە، "عەبدولفەتاح سیسی و ڤلادیمیر پوتین پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا".
بە پێی راگەیەنراوەكە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەركۆماری میسر و سەرۆكی رووسیا ژمارەیەك بابەتیان تاوتوێ كردووە لەوانە دوایین پێشهاتەكانی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ هەوڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات كە بۆ دووبارە سەقامگیربوونەوەی ناوچەكە و گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەكانی ئێستا خستوویانەتەگەڕ.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، عەبدولفەتاح سیسی و ڤلادیمیر پوتین لە بارەی چۆنیەتی برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردووڵات، هەروەها گرنگی بەردەوامی كاركردن لە پێناو كاراكردنی هاوكارییە هاوبەشەكانی نێوان رووسیا و میسر لە ژمارەیەك بواردا، گفتوگۆیان كردووە بەتایبەت لە هەردوو بوارەكانی سەربازی و بازرگانی.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا خراوەتەڕوو لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆكی رووسیا ستایشی هەوڵەكانی میسری كردووە كە بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتەوایی فەڵەستین خستوویەتەگەڕ و دووپاتی كردەوە كە رووسیا پشتیوانی لە حكوومەت و گەلی میسر دەكات بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر.