Hemin Hüseyin
05 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر-AA
هەرچەندە بەپێی شایستەبوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک مافی تورکمانەکانە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوخۆیی لایەنە تورکمانەکان، ئەو پۆستە دراوە بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و رێبوار تاڵەبانی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لەسەر پشکی یەکگرتوو ئەو پۆستەی بەڕێوەدەبرد.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەهەریەک لە لیستەکانی تورکمان و کورد وعەرەب پێکهاتووە کە سەرجەمییان بریتیین لە ٤١ کورسی و لەو رێژەیەش لیستی برایەتی خاوەنی ٢٦ کورسی و پێکهاتەی تورکمان خاوەنی ٩ کورسی و عەرەبیش خاوەنی ٦ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن.
دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک، سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی شارەکەیان بەجێهێشتووە و مانگێک دوای رووداوەکەش یەکەم کۆبوونەوەیان لە هەولێر بەبێ ئامادەبوونی لیستەکانی تورکمان و عەرەب ئەنجامدا.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات دوای رووداوەکانی شاری کەرکووک ئەوا بۆشاییەکی یاسایی و دەستووری دروستبووە و ئەوان دەیانەوێت کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی پێش رووداوەکان.
ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، فەرهاد مەلا ساڵح لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک لە ٤١ ئەندام پێکهاتووە و فڕاکسیۆنی تورکمانی و عەرەبی و کوردی هەیە، لیستی کوردی ٢٦ کورسی ئەو ئەنجوومەنە پێکدێنێت، بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن یەکگرتوو پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن بەر یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەوت، بۆیە لەماوەی نۆ ساڵی رابردوو، رێبوار تاڵەبانی ئەو پۆستەی لەئەستۆ بوو لەسەر لیستی یەکگرتوو چونکە بەپێی ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردن ئەوا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک مافی پێکهاتەی تورکمان بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەنێوان خۆیاندا، ئەوا یەکگرتوو ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە، لەدوای رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری شاری کەرکووک، دیارە بۆشاییەکی یاسایی، دەستووریی، ئیداری و ئەمنیی لەو شارە دروستبووە، سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بەهۆی هەندێک بارودۆخی تایبەتییەوە لە رووی کۆمەڵایەتیی و ئەمنییەوە ناتوانێت بچێتەوە شاری کەرکووک و ئێمەش نامانەوێت ئەو بۆشاییە دروست بێت، بۆیە دەمانەوێت ئەو ئەنجوومەنە کارابێتەوە و وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی بڕیارمانداوە کە خاتوو جوان حەسەن زەنگەنە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەببات".
سەبارەت بە هەڵوێستی لانەیەکانی دیکەی ناو لیستی برایەتی، فەرهاد مەلا ساڵح گوتی: "ئێمە لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆداین و پێمان باش بوو کە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و ئەوەبوو لە هەولێر کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا و دیارە دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش بە دڵی هیچ لایەکمان نەبووە و پێویستی بەبڕیاری سیاسیی هەیە، ئێمە رێز لە هەموو لایەنێک دەگرین و نامانەوێ پارێزگای کەرکووک بەو بۆشاییە بمێنێتەوە، ئێمە لەگەڵ مامۆستا رێبوار تاڵەبانی کۆبوونەوەمان کردووە و بڕیارێکی تایبەت دراوە و گەیشتووینەتە ئەو رێککەوتنەی کە خاتوو جوان حەسەن لەمەودوا ئەو پۆستە بەڕێوەببات".
بەپێى دوایین ئامارى نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆى رووداوەکانى دواى ١٦ى ئۆکتۆبەر لە شارى کەرکووک کە سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى هێرشیانکردە سەر کەرکووک، لە تەواوى سنوورەکە ١٧٥ هەزار کەس ئاوارە بوونە. تا ئێستاش ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانى ئەو سنوورە لە ئاوارەیی دەژین و وەک ئاوارەکان خۆیان باسى دەکەن بەهۆى ناڵەبارى دۆخى شارەکەیان ناگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان.