Ozhin Jolla
25 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2020
کەرکووک - AA
دەستەی دەسپاکی کەرکووک لەسەر دۆسیەی پڕۆژەی هەڵۆی کەرکووک، بەپێی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک بەرپرسی شارەکە دەرکرد.
دەستەی دەسپاکی کەرکووک لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی، پاسپۆرت، گواستنەوە و هەواڵگری شارەکە لە دۆسیەی پڕۆژەی هەڵۆی کەرکووک تێوەگلاون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەی دەستەی دەسپاکیدا تێوەگلانی پارێزگاری پێشووی کەرکووک، لەسەر هەمان دۆسیەدا هاتووە کە واژووی نایاسایی لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستی پڕۆژەکە کردووە لەکاتێکدا لە دەسەڵاتی ئەودا نەبووە رەزامەندی لەسەر ئەو گرێبەستە بدات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەریوان نادر لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بەپێی بەدوادچوونەکانمان لەسەر دۆسیەی پڕۆژەی هەڵۆی کەرکووک نزیکەی سێ ساڵە دەسپاکی کەرکووک کار لەسەر ئەم پرسە دەکات، بەڵام ئێستا دەستەکە دۆسیەی تاکەکەسی بۆ ئەو کەسانە کردووەتەوە کە تێوەگلاون بە پێشێلکاری پرەنسیپی ئیداری لە واژۆکردنی گرێبەستی پڕۆژەی هەڵۆی کەرکووک و سەرنەکەوتنی پڕۆژەکە".
مەریوان نادر راشیگەیاند کە بەهۆی سکاڵای زۆری هاووڵاتییانی کەرکووک لەسەر پڕۆژەکە، دەستەی دەسپاکی لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە.
پڕۆژەی هەڵۆی کەرکووک بریتی بوو لە دانانی باجێک لەسەر جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و لەڕێگەی سیستەمی جی پی ئێسەوە شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلە دیاری دەکرا و دەزانرا لەچ شوێنێکی شارەکەیە لەگەڵ دانانی کامێرای چاودێری لە زۆربەی شەقامەکانی کەرکووک بۆ چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئۆتۆمبێلەکانی شارەکە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراودا، بۆ مامەڵەی هەر ئۆتۆمبێلێکیش بری ٢١ هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرا.
ساڵی ٢٠١٩ یش لەسەر هەمان دۆسیە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی هەڵۆی کەرکووک، شوانە جومعە دەرکرا بەڵام دواتر بە دەستەبەری ئازادکرا.