Dlshad Saifaalddin Ahmed
05 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند "پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق دەبێتە سەرەتای دەستپێكردنەوەی بابەتەكانی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، پڕۆژە یاساكە هاتووەتە پەرلەمان و هەوڵی بەردەوام هەیە بخرێتە ئەجێندای كاری پەرلەمانەوە، بەڵام لیژنەی دارایی و نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان و نوێنەری سوننەكان و نوێنەری پارێزگای بەسرەش كە بە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی نایەكسان پشكەكان دابەش كراوە، فشارێك دروستكراوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش هاتووەتە سەر خەت و داوا دەكات رێژەی هەرێم كە كەمكراوەتەوە بۆ 12,67 لەسەد وەك خۆی لێبكرێتەوە بۆ 17 لەسەد".
ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەموو هێزە كوردییەكان توانیویانە ئیستسماری ئەو پەیوەندییانەی خۆیان بكەن كە هەیان بووە لەگەڵ هێزە سوننییەكان و شیعییەكان و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و ئەو فشارانەش بەرهەمی خۆیان هەبووە، خوازیارین بتوانین فشارەكان و ئەو بابەتەی لە ئێستادا هەیە بەرجەستە ببێت و بتوانین یاساكە بگەڕێنینەوە بۆ حكوومەت تا گۆڕانگاری لە پڕۆژەكەدا بكات تاوەكو پشكی دادپەروەرانە بۆ هەرێمی كوردستان دابنێت".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت "ئەو بابەتە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا چ ئەندازەیەك ئامادەیە ئەو هۆكار و پەیوەندییەی كە تێكچووە لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا دەتوانێت لە چوارچێوەی پەیوەندییەكی تازەدا كۆیان بكاتەوە تا بتوانن كاربكەن و چیتر خەڵكی هەرێمی كوردستان بێبەش نەبن و دووچاری ئەو گرفتە ئابووریانە نەبنەوە كە پێشتر دووچاری هاتبوون".
ئەو باسی لەوەش كرد، داوایان لە نەتەوەیەكگرتووەكان و یۆنامی كردووە سەرپەرشتی گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە بوودجە بكەن كە لە ئێستادا پێویستی بەوە هەیە لایەنێكی نێودەوڵەتی لەو دۆسیە و داواكارییانە بكۆڵێتەوە كە كورد داوای دەكات و مافی ئەو داواكارییانەی هەیە بە پێی دەستوور.
لە بارەی پشكی حەشدی شەعبی لە بوودجە و كاردانەوەی لایەنە جیاجیاكان لەو بارەیەوە، ئەحمەدی حاجی رەشید كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "پێویستە سەرەتا حەشدی شەعبی وەك دامەزراوەیەكی سەربازی بخرێتە ناو دامەزراوەی سەربازی عێراقی و لەژێر سەرپەرشتی سەرکردەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بێت، هەروەها ئەوان ببنە بەشێك لەو هێزانەی كە بە هەموو ئەو پڕۆتۆكۆل و ئەتەكێتەی لەناو سوپای عێراقی هەیە، چونكە بابەتی حەشدی شەعبی كە بە فتوایەك دروست بووە هەر بە فتوایەك كۆتایی بە ئەركەكەی دێت، هەر گرووپێك لەو گرووپانەش كە بڕوایان وایە درێژە بەو خزمەتە سەربازییە بدەن، ئەوا دەتوانن لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا بەردەوامی بە خزمەتەكەیان بدەن تا یەك سوپا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدراڵیدا هەبێت".
لە بەشێكی دیکەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، لە بارەی گرنگی سەردانەكەی چەند رۆژی رابردووی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی بۆ فەڕەنسا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە لە وەڵامدا گوتی: "بەشێك لە قسەكانی سەرۆكی فەڕەنسا بەرژەوەندی فەڕەنسایە لە عێراقدا كە تا ئێستا هیچ بەرژەوەندییەكی لە عێراقدا نییە و دەیەوێت لە رێگەی ئەم فشارانەوە گوشار بخاتە سەر حكوومەتی فیدراڵی، ئەگەر ئەو سەردانە بۆ ئەمریكا یان بەریتانیا بكرایە بەرهەمی زیاتر دەبوو، چونكە نفوزی توركیا یان نفوزی ئێران یان ئەمریكا و بەریتانیا زۆر زیاتر لە نفوزی فەڕەنسی لە عێراق".
ئەحمەدی حاجی رەشید جەخت لەسەر پێویستی هەوڵدانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و ئێران و گرنگی ئەو دوو وڵاتە دەكات و دەڵێت "پێویستە كورد لە ئێستادا هەرچی هەوڵی هەیە بیخاتە گەڕ بۆ ئەوەی توركیا و ئێران كە دوو دەوڵەتی ئیقلیمین ئاشت بكاتەوە، ئەم دوو دەوڵەتە لە ئێستادا رۆڵ و كاریگەری تەواو گرنگیان هەیە بۆ عێراق".