Hamit Hüseyin
02 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پەیامێک لەبارەی بارودۆخی ھەنووکەیی عێراق بلاویکردەوە.
بە پێی ھەوالێکی مالپەری مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا ھاتووە یەکێک لە گرفتە گەورەکانی عێراق جێبەجێ نەکردنی دەستوورە. ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ کرابا، زۆر لەو کێشانە نەدەبوون کە پێشتر و ئێستایش ھەن. لە لایەکی دیکەوە ھۆکاری وردی دۆخی ئێستا یاسای ھەڵبژاردنە، و، بۆ نەمانی ھۆکاری گرفتەکان، دەبێ یاسای ھەڵبژاردن بە شێوەیەک بگۆڕدرێت کە ئەنجامەکان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێکھاتەکان بێت.
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی ھاووڵاتیان، ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆ ئەو دۆخەی کە ھاتووەتە پێش و پێمان وایە کە ئەمەی ئێستا لە ئارادایە ھی ئەمڕۆ نییە بەڵکو دەرئەنجام و کەڵەکەبووی فەشەلێکی پازدە ساڵەیە. خەڵک ئێش و ئازارێکی زۆری بینیوە و ھاووڵاتی مافی خۆیەتی داواکاری ھەبێت و ناڕازی بێت. بۆیە پێویستە گوێ لە داواکاریی خەڵک بگیرێت و بە توندوتیژی و خوێنڕشتن کێشەکان چارەسەر نابن.
لەگەڵ ئەوەیشدا یەکێک لە گرفتە گەورەکانی عێراق جێبەجێ نەکردنی دەستوورە. ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ کرابا، زۆر لەو کێشانە نەدەبوون کە پێشتر و ئێستایش ھەن. لە لایەکی دیکەوە ھۆکاری وردی دۆخی ئێستا یاسای ھەڵبژاردنە، و، بۆ نەمانی ھۆکاری گرفتەکان، دەبێ یاسای ھەڵبژاردن بە شێوەیەک بگۆڕدرێت کە ئەنجامەکان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێکھاتەکان بێت.
لەبارەی داواکارییەکان لەسەر گۆڕینی دەستوور، پێمانوایە نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە ھەمان کاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە ھۆی پاشەکشە لە پڕەنسیپەکانی دیموکراسی و ھەروەھا پاشەکشەی مافی گەلی کورد و پێکھاتەکانی تر. بە دڵنیاییشەوە سیستەمی دیموکراسی زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقە نەک دیکتاتۆری و ھەموو گۆڕانکارییەکیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و میکانیزمە دەستوورییەکاندا بێت.
مسعود بارزانی
٢ـی ١١ـی ٢٠١٩