Hamit Hüseyin
02 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2019
ھەلێر - AA
ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، محمود محەمەد، پەیوەست بە پێشھاتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێڕاق ڕایگەیاند " ئەو کێشانەی ئێستا لە عێراقن کێشەی کەڵەکەبوون، بەڵام دەبێت حکوومەت چارەسەریان بکات، ھەندێک کەس دەیانەوێت دۆخەکە بۆ خۆیانی بەکاربێنن و ئێمە نیگەرانین لەم دۆخەی ئێستا، کە لە عێڕاق دەگوزەرێ."
لە بارەی بابەتی ھەموارکردنەوەی دەستوور، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجێبکرایە، ئێستا پێویستی بە گۆڕان نەدەبوو، کێشە لە دەستوور نییە، بەڵکو کێشە لە جێبەجێکردنی دەستور بوو، وە نابێت ھەموارکردنەوەی دەستوور ببێتە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەست بە دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند " ئەوەی باس دەکرێت کە گوایە رێککەوتنەکان وەکو خۆی جێبەجێناکرێت، ئەوە نابێت لە میدیا باس بکرێت، بەڵکو دەبێت لە گفتوگۆکان باسی لێوە بکرێت.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: " رێککەوتنەکان لە بارەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێکراون، ئەو پۆستانەشی پڕ نەکراونەتەوە، بۆ خودی پارتە سیاسییەکە دەگەڕێتەوە، ھەروەھا لە حکوومەت بە ھیچ جۆرێک لەسەر بنەمای ٥۰بە ٥۰ نییە"
محمود محەمەد، گوتیشی: "کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەکێتی دواخراون و ئێمە نازانین یەکێتی باس لە چ بەشێکی رێککەوتنەکە دەکات کە دەڵێن جێبەجێنەکراوە، کۆبوونەوەمان لەگەڵ گۆڕان ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ یەکێتی دیارنییە کەی ئەنجامدەدرێت."
لەبارە گۆڕانکارییەکانی سەرۆکی حکوومەت، مەحموود محەمەد رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت نایەوێت ھەموو کار و بڕیارەکان لای خۆی کۆبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند راوێژکاریی بۆخۆی دامەزراندووە، دەسەڵاتی ئەو راوێژکارانە، دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە نەک دەسەڵاتی ھیچ کەس و وەزیرێک لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران. ئەمە کارێکی یاساییە و لە دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە ئەو کارە بکات.