Sarmand Hameed
30 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2021
ههولێر-AA
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد رایگەیاند، دوو کورسی کە ئیستیحقاقی یاسایی دوو کاندیدی حزبەکەی بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون.
بە پێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٣ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە کە ئەمڕۆ سێشەممە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندرا، ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە ٣٣ کورسییەوە بووە بە ٣١ کورسی و ئەو دوو کورسییەی کە کەمی کردووە، لە هەردوو پاێزگای هەولێر و نەینەوا لە بەرژەوەندی دوو کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی بووەتەوە.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی مەحمود محەمەددا هاتووە:
"دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆمان دەرکەوت دوو کورسی کە ئیستیحقاقی یاسایی دوو کاندیدی پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمەی بە "کارێکی ناڕەوا" ناوبردووە و ئاشکرایشی کردووە کە دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی، ھەڵوێستی حزبەکە لەوبارەیەوە رادەگەیەنن.
رۆژی شەممە ٢٧ـی تشرینی دووەم، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردبووەوە کە ھەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی رابردووی عێراق ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو و پاک بووە، ئەوەیشی خستبووەڕوو کە ئەو دەرئەنجامە بەراییانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە راگەیەندراوە دەرخەری واقیعی سیاسیی عێراق و ویست و ئیرادەی ھاووڵاتییانە.
مەسعود بارزانی راشیگەیاندبوو کە "پێدەچێت ھەوڵێک ھەبێت بۆ دەستکاریکردنی ئەو دەرئەنجامانەی کە لە لایەن کۆمیسیۆنەوە راگەیەندراون و بە دڵنیاییشەوە ھەر جۆرە دەستکارییەک گرفتی لێ دەکەوێتەوە و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە".