Rewa Mahmood Hasan
02 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی-AA
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر ئاماژهی بهوهكرد ئەوان لەگەڵ ئەوەن هەموو کێشەکان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان بە گفتوگۆ یەکلاییبکرێتەوە، گلەییەکانیشیان لە کۆبوونەوەدا گەیاندووەتە سهرۆكی حكوومهتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کورستان.
لەتیف شێخ عومەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتەکەی لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا، وەڵامی گوتەکانی گوتەبێژی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح-ی دایەوە.
لەتیف شێخ عومەر ئاشكرایكرد ئەگەر پارتی دەیەوێت حکوومەتێکی هاوبەشی راستەقینە درووستببێت، پێویسته هەموو ئەو خاڵانەی لە رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە، جێبەجێی بکەن. جهختی لهوهشكردهوه كه یەکڕیزیی نیشتمانیی، هاوپەیمانیی و یەکدی قبووڵکردن بە رێزگرتن لە ئیرادەی یەکدیی و هاوبەشی راستەقینە دروستدەبێت، نەک به خۆسەپاندن.
لەبارەی ئەوەی بۆچی یەکێتی تاوەکو ئێستا ناوی بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی نەداوە بە سهرۆكی حكوومهتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: "لەسەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم تەنها ناوی یەک بەربژێرمان پێشکەشکردووە، برادەرانی پارتی بە بیانووی ئەوەی ئەو کادیرەی ئێمە لە کاتێکی دیاریکراودا قسەی نابەجێ و هەڵەی کردووە، قبوڵیان نییە، بەڵام ئەگەر وردەکاریی بکەن، قسەی نابەجێی نەکردووە، بەڵکو رەخنەی گرتووە بە زمانێکی تووند. نەک جوێنێکی دابێت".
ئاماژەی بەوەشدا کە ئهوان، لە پێشتردا بهداخهوه شەڕێکی خوێناوییان کردووە بەڵام دواتر لەیەکتری بووراون و لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتوون.
لەبارەی دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنیان لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکووک، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: "مەسەلەیەکی چارەنووسسازە بەلای یەکێتییەوە، بەڵام بە پێچەوانەی رێککەوتنەکەیان، هیچ کام لە بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە. ئێستا و دواتریش ئەنجامی ئەو رێککنەکەوتنە دەبینین بەسەر کەرکووکەوە".
سەبارەت بە دانانی چەند یاریدەدەرێک بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر باسی لەوەکرد لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا باس لە یاریدەدەرەکان نەکراوە، ئەگەر باسی چاکسازییش دەکەن، بوونی یاریدەدەر بە پلەی وەزیر بارگرانییە بۆ سەر حکوومەت و لە هەشت کابینەی پێشوودا ئەو پۆستە نەبووە.
لەتیف شێخ عومەر لە کۆتاییدا رایگەیاند: "زۆر نیگەرانین لەوەی کادیرەکانمان بە بیانووی جیاواز دەستگیردەکرێن و داوا دەکەین هیچ کەسێک لەسەر پرسی سیاسی دەستگیرنەکرێت، و بەڵێننامەیان پێ پڕنەکرێتەوە، کە ئەو حاڵەتە لەگەڵ هەڤاڵانی یەکێتی و هەڤاڵانی لایەنەکانی دیکە روویداوە".
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تەنها روونکردنەوەی لهبارهی ئهو چهند خاڵه دا و وەڵامی پرسیاری هیچ رۆژنامهوانێكی نەدایەوە.