تەعز
دوای ئەوەی رەتیانكردەوە باشووری شاری دالی بە شێوەیەكی هەڕەمەكی بۆمبە باران بكەن حەوت سەربازی سوپای یەمەن لەلایەن چەكدارانی حوسییەوە گوللەباران كران.
سەرچاوەیەكی سەربازی سەر بە یەكەی سەربازی ٣٣ی دژە تانك كەلە ژێر كۆنتڕۆڵی حوسییەكاندایە و نەویست ناوی ئاشكرا بكات لە لێدوانێكی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد كە حەوت سەرباز دوای ئەوەی فەرمانی بۆمبەبارانكردنی شاری دالیان رەتكردووەتەوە لە لایەن حوسییەكانەوە كوژراون.
سەرچاوە سەربازییەكە رایگەیاند، حوسییەكان لەتەنیشت قوتابخانەیەك لە نزیك كەمپی ئەل جەبرا كە دەكەوێتە باكووری شاری دالیەوە سەربازەكانیان كووشتووە.
لە لایەكی دیكەوە، بەھۆی ئەوەی کە حوسییەکان بڕێکی زۆری چەك و تەقەمەنی قورس و دژە فڕۆكەیان هێناوەتە نزیك گەرووی باب ئەلمەندەب لە شاری موخای سەر بە پارێزگای تەعز خەڵكەكە ناوچەكەیان چۆڵكردووە.
شایەتحاڵەكانی ناوچەكە ئاماژەیان بە سووڕانەوەی زیاتر لە ١٧٠ چەكداری حوسی لە ناوەندی شارەكە كردووە.