نەتەوە یەكگرتووەكان
كۆمیتەی چاودێری لە جێبەجێ كردنی سزاكان بەسەر رێكخراوی ئەلقاعیدە راپۆڕتێكی پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە تێدا ھاتووە رێژەی چوونی شەڕخوازان بۆ سووریا و عێراق لە ناوەڕاستی 2014 تا مانگی ئاداری 2015 سەدا 71 زیادی كردووە.
بە پێی ئەو راپۆڕتەی كە پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، لە 100 وڵات زیاتر لە 25 ھەزار شەڕخوازی بیانی بۆ پەیوەندی كردن بە رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و رێكخراوی تیرۆریستی داعش چوونەتە ناوچەكە. 20 ھەزاری لە شەڕخوازەكان بەشێكی زۆری چوونەتە نێو داعش ئەوەی دیكە چوونەتە نێو بەرەی نوسڕە.
كۆمیتەكە ھۆشداری ئەوەشی داوەتە نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەو ژمارە زۆرەی شەڕخوازان كە لە ئێستادا بە لێشاو روو لە سووریا و عێراق دەكەن بۆ چوونە ریزی گرووپە توندڕەوەكان لە داھاتوودا دەبنە ھەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی جیھان چونكە پێیان وایە ئەو شەڕخوازانە مەشق و راھێنانی سەربازییان پێكراوە لەكاتی شكست خواردنی داعش و گرووپەكانی دیكەدا ئەو شەڕخوازانە بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیھان بڵاو دەبنەوە و دەبنە ھەڕەشەیەكی جدی.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، نزیكەی شەش ھەزار و 500 شەڕخواز لە ئەفغانستان، لە وڵاتەكانی یەمەن، لیبیا و پاكستانیشدا بە سەدان شەڕخواز بوونیان ھەیە. راشیانگەیاندووە شەڕخوازەكان لە ئەفریقیای باكوور، سۆماڵ و فلیپینیشدا بوونیان ھەیە.
دەربارەی لە كوێوە چوونی شەڕخوازەكان راپۆڕتەكە ئاشكرای دەكات شەڕخوازان زۆربەیان لە وڵاتانی تونس، مەغریب، فەڕەنسا و رووسیا روویان كردووەتە عێراق و سووریا. بۆ یەكەمین جاریشە ھاووڵاتیانی وڵاتانی ئەفریقیا چوونەتە ریزی ئەو ناوچەیە. باس لەوەش كراوە ئەو جۆرە رێكخراوانە بوونەتە ھەڕەشە لەسەر ژیانی سەرجام مرۆڤایەتی لە جیھان، بۆیە پێویستە بە زۆر لایەنانە كار لەسەر ئەم قەیرانە بكرێت.
لە راپۆڕتەكەدا باس لە گرتنەبەر رێوشوێنی پێویست كراوە و ئاماژەی بەوە دەكەن كاریگەرترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە تیرۆر رێگەگرتنە لە چوونی ئەو كەسە رادیكاڵانەیە بۆ ریزی رێكخراوە توندڕەوەكان. هەتا ئێستا زانیاری دەرباری ناسنامەی كەسەكان ئاشكرا كراوە، كۆمیتەكە داوای لە وڵاتان كردووە لە رووی ھەواڵگرییەوە ھاوكاریی یەكتر بكەن و ھەماھەنگی لە نێوانیاندا دروست بكەن.
كۆمیتەكە لە راپۆڕتی ساڵی 2014دا كە پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە تێدا ھاتووە: "لە ساڵی 2014دا زیاتر لە 80 وڵات 15 ھەزار كەس بۆ بەشداری كردن لە ریزی داعش چوونەتە سووریا و عێراق".