لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەی نێوان ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان محەمەد فەرەج و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا بەڕێوەچوو.
دوای كۆبوونەوەكە لە گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا باس لە نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەت كرا.
رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەكەدا گوتی: "كۆبوونەوەكانمان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر كۆمەڵێك كێشەو گرفت كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە لە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و چەند كێشە و گرفتێكی تر".
ئەو گوتی: "ئەم زنجیرە كۆبوونەوانە بۆ ئەوەیە باشتر كێشە و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك تاوتوێ بكرێت و هۆكار و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و هەوڵ بدەین هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی حكوومەت و پەرلەمان و بەغدا و ناوچەكە جۆرێك لە تێگەیشتنی هاوبەشمان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".
نەوشیروان مستەفا لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوورەوە دوا و گوتی: "لەم كۆبوونەوەیەش باسمان لەو پرسانە كردووە بەڵام تا ئێستا هەموو لایەنەكان وەك پێویست گەڵاڵەی بۆچوونەكانیان نەكردووە".
ئاماژەی بەوەش كرد، پێشتر وەك سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن كۆمەڵێك پاكێجیان ئامادەكردووە، یەك لەوانە لەسەر دەستوور و گۆڕانكاری لەو یاسایانەدا بووە كە پەیوەستە بەوانەوە و تائێستاش هیچ گۆڕانكارییەكیان لەو پاكێجانە نەكردووە.
رێكخەری گۆڕان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی كۆبوونەوەكانیانەوە گوتی: "بەشێك لە كۆبوونەوەكان بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی ئەم سێ لایەنەیە كە پێشتر پێكەوە ئۆپۆزسیۆن بووین و ئێستا بەشداری حكوومەتین، كە تا چەند توانیومانە كاریگەر بین لەسەر چاكسازی و كاروبارەكانی حكوومەت".
لەلای خۆیەوە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی پرسی درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە كە چەند مانگێكی ماوە، گوتی: "ئەو پرسە پەیوەندی بە دەستوورەوە هەیە كە مادەیەكی سەرەكییە لە دەستووردا و پێویستە هەموو لایەنەكان ئەوە بەهەند وەربگرین ئەوەش كارێكی پەرلەمانییە بەڵام ئەو كارەی پەرلەمان پێویستی بە سازانی لایەنەكان و رێكەوتن لەسەر گۆڕانكارییەكان هەیە".
پێش ئەو كۆبونەوەیەش شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد لە سلێمانی و لەگەڵ رێكخەری گشتی ئەو حزبە، نەوشیروان مستەفا كۆبوونەوە.