بەپێی زانیارییەكان نوێنەری پاپای ڤاتیكان سەردانی پەرستگەی لالش و دهۆك و سلێمانی و كەركووكیش دەكات. سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە نوێنەری پاپای ڤاتیكان كاردینال فێرناندۆ فیلۆنی گەیشتە هەولێر، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێم كەمال موسلیم و سەرۆكی لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك پەرلەمانتار و بەرپرسی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف لە پێشوازیی میوانەكەی ڤاتیكان بوون.
پاش نزیكەی 20 خولەك قسەكردن و باسكردنی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و رەوشی مەسیحییەكان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هەریەك لە نوێنەرەكەی ڤاتیكان و وەزیری ئەوقاف و كاروباری هەرێم رێكخرا.
لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی كەمال موسلیم پاش بەخێرهێنانی نوێنەری پاپای ڤاتیكان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "هاتنی بەڕێزیان وەكو نێردراوی پاپا بۆ كوردستان بۆ سەردانی ئاوارەكان و لەنزیكەوە ئاگەداربوونە لە بارودۆخیان و لێكۆڵینەوەیە لەو كەموكورتی و پێداویستییانەی كە هەیە بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی ئەوان و ئەو پێویستیانە بە لایەنەکانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بۆیان دابین بكرێت".
موسلیم پیرۆزبایی خۆشی گەیاندە شاندی میوان و سەرجەم مەسیحییەكانی جیهان و هەرێمی كوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی قیامەوە كە یەكشەممەی داهاتووە.
كاردیناڵ فێرناندۆ فیلۆنی لەبارەی سەردانەكەیەوە بۆ هەرێمی كوردستان گوتی: " ئەوە جاری دووەمە دێمەوە بۆ كوردستان، كە جاری یەكەم هاتم ئەركەكەم بەجێ هێنا بەڵام كە جاری یەكەم هاتم دڵم لێرە مایەوە و ئێستا هاتوومەتەوە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی ئاوارەكان بین".
فیلۆنی روونیشكردەوە ئەو بەناوی قەداسەتی پاپای ڤاتیكانەوە سەردانی هەرێم دەكات و رێز و سوپاسی پاپاشی گەیاندە حكوومەتی هەرێم و سەرجەم ئەوانەی یارمەتیی مەسیحییەكانیان داوە، هەروەها سوپاسی قەداسەتی پاپا و ڤاتیكانیشی گەیاندە ئەو رێكخراوانەی كە یارمەتیی سەرجەم ئاوارەكانییان داوە.
نوێنەری پاپای ڤاتیكان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئەم هەفتەیە زۆر تایبەتە بۆ مەسیحییەكان كە حەزرەتی عیسا ئەچێتەوە بۆ ئاسمان و ژیانی خۆی بە میللەتەكەی خۆی بەخشیوە و ژیانی نوێ دەبێتەوە، بۆیە ئومێد دەكەین جارێكی دیكە ئەو ئاوارانەش ژیانیان نوێ ببێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان".
لەبارەی ئەگەری سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان كە پێشتر وا راگەیەنرا رەنگە سەردانێكی لەو جۆرەی هەبێت بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش فیلۆنی ئاشكرای كرد "قەداسەتی پاپا كە بەڵێنی داوە جێبەجێی دەكات و پێداگرە لەسەر ئەوە، بەڵام لەسەر كاتەكە ماوە بزانین چۆن و كەی سەردانەكە دەكات".
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو وا بڕیارە سبەینێ چوارشەممە كاردیناڵ فێرناندۆ فیلۆنی سەردانی شەقڵاوە و پەرستگەی لالش و دواتریش دهۆك بكات، هەروەها رۆژی شەممە بەشداریی نوێژی مەسیحییەكان لە یەكێك لە كڵێساكانی شارۆچكەی عەنكاوە لە هەولێر بكات كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی مەسیحین، دواتریش سەردانی سلێمانی و كەركووكیش بكات.