پەردەی سەر فڕۆكەكەی نەریمان كە پێنج خولەك لە ئاسماندا فڕی لەلایەن كوڕی هوجام سورچی ئەو پێشمەرگەیەی داعش سەریان بڕی، لا درا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی رووداوێكی گەورە و مێژووییان دەكرد، ئەویش هەڵفڕینی سەركەوتووانەی یەكەمین فڕۆكەی داهێنەری كورد نەریمان ئەنور بوو.
بۆ خودی نەریمانیش ئەم رۆژە بە رۆژێكی مێژوویی بوو، ئەو پێش هەڵفڕاندنی فڕۆكەكەی بەدەم میوانەكانەوە دەچوو كە بۆ تەماشاكردنی رووداوی هەڵفڕاندنی فڕۆكەكەی لە فڕۆكەخانەی سەربازیی هەریر بە دووری 55 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە بەرەو فڕگەكە دەهاتن و ژمارەشیان بەسەدان كەس دەبوون.
ئەو فڕۆكە پرتەقاڵییەی ئەمڕۆ نەریمان بۆ پێنج خولەك لە ئاسماندا سەرکەوتووانە بە بەرچاوی سەدان كەسەوە پێی سووڕایەوە بە قسەی خۆی نزیكەی شەش مانگی ویستووە بۆ دروستكردنی.
رێ و رەسمەكە پاش بەخێرهاتنی میوانان و خولەكێك راوەستان بۆ گیانی شەهیدانی كوردستان بە لابردنی پەردەی سەر فڕۆكەكە كە ئاڵایەكی گەورەی كوردستان بوو لەلایەن كوڕێكی هوجام سورچی ئەو پێشمەرگە دیلەی لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە موسڵ سەڕ بڕا، لادرا. لەو ساتانەشدا دەنگی مارشی ئەی رەقیب كە لەلایەن گرووپی موزیكی وەزارەتی پێشمەرگەوە لێدرابوو مەراسیمەكەی پڕچەپڵە كرد.
نەریمان ئەنوەر ناسراو بە"نەریمان فڕۆكەوان" لەدایكبووی 1977ە، لە ساڵی 2007 وەك یەكەم بەهرەمەند لەسەر ئاستی هەرێم لەلایەن دامەزراوەكانی میرییەوە ناسێنرا. پێشتر چەندین جار هەوڵی بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بچووكی داوە و وەچانی یەكەمی لە ساڵی 1992بووە و لە 1997 تەواوبووە. دواتر لە 1998 هەوڵ بۆ دروستكردنی فڕۆكەیەكی گەورەتر دەدات. لە هەوڵی دروستكردنی ئەو فڕۆكەیەشی كە ساڵی 2006 دروستی كرد سەرنەكەوت. دواین فڕۆكەشی كە ئەمڕۆ بە سەركەوتووی هەڵیڕفاند نزیكترین ئەو هەوڵانەیەتی بۆ گەیشتنی بە ئاواتەكانی كە بەقسەی خۆی لەسەرتای منداڵییەوە خەونی بە بوون بە فڕۆكەوان و دواتر دروستكردنی فڕۆكە هەبووە.
لەبارەی وردەكاریی فڕۆكەكەشییەوە نەریمانی فڕۆكەوان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەڵواسینی وێنەی هوجام سورچی لەو شوێنەی كە فڕۆكەكەی تێدا فڕێنرا بۆ ئەوە بوو كە دیمەنی كوشتنی لەلایەن داعشەوە تەواو نیگەرانی كردم" لە درێژەدا گوتیشی: "نزیكەی شەش مانگە خەریكی دروستكردنی فڕۆكەكەمم، دەمویست لەم ئان و ساتەی شەڕی داعشدا بتوانم خزمەتێكی وڵاتەكەم و هێزی پێشمەرگە بكەم".
لەمەڕ وردەكاریی فڕۆكەكەیەوە كە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكم سپۆنسەریەتی، نەریمان گوتی: "فڕۆكەكە لە جۆری ستۆل 701ی دیزانێكی ئەمریكییە، 12 هەزار پێ بەرز دەبێـتەوە بۆ ئاسمان، بە خێرایی 200 دەڕوات. یەك نەفەر هەڵدەگرێت، بزوێنەرەكەشی 100 ئەسپ هێزەكەیەتی. درێژیی فڕۆكەكەم شەش مەتر و پانی هەشت مەتر و نیوە. پێنج كاتژمێر لە ئاسمان دەمێنێتەوە. فڕۆكەكە لە ماوەیەكی كورتدا دەفڕێت و لە ماوەیەكی كورتیشدا دەنیشێتەوە".
ئەو كە باسی لەوە دەكرد پرۆژەی ئایندەی دروستكردنی فڕۆكەیەكی چوار كەسییە، دەیگوت "فرۆكەكەم دەخەمە خزمەت هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە".
كوڕی هوجام سورچی كە وتەیەكی بەناوی بنەماڵەكەیان خوێندەوە گوتی: "سەربەرزییە بۆ بنەماڵەكەمان ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدانی كوردستان هەڵدەستین بە فڕینی فڕۆكەیەك كە بە دەست و پەنجەی كاك نەریمانی گەنجەوە دروست كراوە و دەخرێتە خزمەتە هێزی پێشمەرگەوە".
پارێزگاری هەولێر كە هاوشانی ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسایەتی دیاری ناوچەكە لە مەراسیمی هەڵفڕاندنەكە ئامادەبوو، وتارێكی خوێندەوە. لەو وتارەیدا نەوزاد هادی گوتی: "لە سات و كاتێكدا كوردستان لە رووبەڕووبونەوەی شەڕێكی گەورەیە لە دژی بەعسییەكانی دوێنێ و داعشەكانی ئەمڕۆ كە ویستیان ئەو دەستكەوتانەی كورد لە دوای 2003ەوە بەدەستی هێناوە پێشكەوتنەكانی لەناو ببەن و ویستیان لە چیای شەنگال و كۆبانێ و جەلەولا ئاواتەكانی كورد لەناو ببەن، قارەمانێتی پێشمەرگە وایكردووە ئەمڕۆ ببێتە لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژوومان كە دنیا پشتگیریی لە ئەزموون و حوكمڕانیمان دەكات و پاڵپشتیی سەرەكیشە بۆ هێزی پێشمەرگە".
لەبارەی هەوڵەكانی نەریمانیشەوە بەڵێنی خۆی دا و گوتی: "بەدڵنیاییەوە لە حكوومەت و پارێزگا لە رۆژانی یەكەمەوە پاڵپشتی كاك نەریمان و هەوڵەكانی لە بواری فڕۆكەوانی بوون و دەشبین، دەستخۆشی لە تیمەكەی و كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمیش دەكەین".
نەریمان ئەنوەر داهێنەری فڕۆكەكە هەتا پۆلی نۆی بنەڕەتی خوێندەوە. ئەو لە توركیا، فەڕەنسا، ئیمارات خولی فڕۆكەوانی بینیوە. لە ساڵی 2013دا ژیاننامەی لەلایەن دەرهێنەری كورد بەهەمەنی قوبادییەوە كراوەتە فیلمێكی سینەمایی و وا بڕیارە لە فێستیڤاڵەكانی ئۆسكار و كان لە ئەمساڵدا وەك بەرهەمی ئەو دەرهێنەرە نمایش بكرێت. لە ساڵی 2010دا سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزی لە هەوڵەكانی نەریمان گرتووە و بە قسەی خودی نەریمان پێشوازیی زۆر گەرم و دەستخۆشییەكی تەواوی لێكردووە.
نەریمان لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئامادەبوان گوتی: "کورد داهێنەری زۆری هەیە، بەڵام پاڵپشتیی كەمیان لێ دەكرێت. تەنها كاری منیش لەو هەوڵانەی وەكو ئاماژەم دا خزمەتكردنی كوردستان و بردنەپێشەوەی نیشتمانە بۆ ریزی وڵاتانی جیهان".