چالاکییەکانی رێوڕەسمی پیرۆز راگرتنی نەورۆز لە لایەن خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە بە یادکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرزکردنەوەی ورەیان لە بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش ساز کرا.
لە چوارچێوەی رێورەسمەکاندا بەشداربووان سرودی نیشتمانیان گوتەوە و چەندین شێعر بەسەر ھێزەکانی پێشمەرگەدا ھەڵگووترا کە باسیان لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد دەکرد و ھێزی پێشمەرگەیان بەناوی "قارەمانانی جەنگ" ناو دەبرد.
گەلی کورد رۆژی 21ی ئادار بە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خۆیان دەزانن و بەو پێیە سبەی شەممە یەکەمین رۆژی ساڵی 2715ی رۆژژمێری کوردییە.
ئاگری نەورۆز لە بەرەکانی جەنگ
بەمەبەستی بەرز کردنەوەی ورەی پێشمەرگە لە شاخی قەرەچووخی سەربە شارۆچکەی مەخموور ئاگری نەورۆز داگیرسێندرا کە بەسەدان کەس لە ھێزەکانی پێشمەرگەی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش بەشداربوون و دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدانی و گوتنەوەی سرودی نیشتمانی کوردستان ئاگری نەورۆز ھەڵگیرسێندرا.
لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکەدا فەرماندەی میحوەری مەخموور نەجات عەلی گوتی: "بۆ یەکێتی ھێزەکانمان و راوەدوونانی چەتەکانی داعش ئاگری نەورۆز دادەگیرسێنین و ئەمەش پەیامێکی بەھێزە بۆ دووژمنان کە ئەمڕۆ لێرەدا ھێزەکانی پێشمەرگە و لایەنەکانی سیاسی و ھاووڵاتییان پێکەوە یادی نەورۆز دەکەنەوە کە دەری دەخات گەلەکەمان چەند بەھێزە".
لە درێژەی گوتەکانی نەجات عەلی ئاماژەی بە رووبەڕوو بوونەوە و پارێزگاری کردن لە خاکی کوردستان دژ بە رێکخراوی داعش بۆ ماوەی ھەشت مانگ لەلایەن ھێزی پێشمەرگە کرد و گوتی: "ماوەی ھەشت مانگە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێرش بۆ سەر خاکمان دێنێت، دوژمن زۆرترین ھێرشی کردووەتە سەر ئەم ناوچانە، بەڵام بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە لە شارۆچکەی مەخموور ھەمیشە توانیویەتی ھێرشی دووژمنان بشکێنێت".
نەجات عەلی ھەروەھا گوتی: "بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی گەلەکەمان ھەمو پێکەوە خەبات دەکەین، گەلەکەمان بە خۆڕاگری و دانی شەھید و بە قارەمانێتییەکی گەورەوە توانیویەتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووەستێنێت و تێکیان بشکێنێت، ئەگەر ھەموو پێکەوە بۆ یەک ئامانج بە پاراستنی یەکریزی ھێزەکانمان خەبات بکەین ئەوا بە دڵنیاییەوە دەگەین بە ئاشتییەکی ھەمیشەیی".
فەرماندەی مەخموور رایگەیاند: "گوێڕ و مەخموور دووبارە نیشانی دایەوە کە ھێزەکانی پێشمەرگە ھەمیشە بەقارەمانێتییەوە رووبەڕووی تیرۆرستان دەبنەوە، رێکخراوی داعشیش کەوتووەتە شکست و شپرزەیی".
لەلایەکی دیکەوە، لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە و لایەنەکانی سیاسی، سەربازانی ئەمریکاش کە ئەرکیان راهێنانی پێشمەرگەیە بەشدارییان لە رێورەسمی یادکردنەوەی نەورۆزی 2715ی کوردی لە شارۆچکەی مەخموور کرد و ھێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی سووپاسی فڕۆکەکانی جەنگی ھێزی ھاوپەیمانی و ئەمریکایان کرد و دواتر ئاگری نەورۆزیان داگیرساند.
ھەولێر .. ئاگری نەورۆز لە ژێر دروشمی "ھەموومان پێشمەرگەین" ھەڵگیرسێندرا
لەژێر "دروشمی ھەموومان پێشمەرگەین" مەشخەلی ئاگری نەورۆز لەپارکی شاندەر لە ھەولێر بەبەشداری سەدان کەس کە جلو بەرگی کوردیان لەبەرکردبوو کرایەوە.
لە چالاکییەکەدا پیرو گەنج و منداڵ بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی یادی نەورۆز روویان لە پارکی شانەدەر کرد و پێکەوە سرودی نیشتمانیان گوتەوە و سڵاویان لە ھێزی پێشمەرگە کرد کە ھەنووکە رووبەڕووی رێکخرای داعش دەبنەوە، دواتر دوای وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەھیدان ئاگری نەورۆز کرایەوە.
لە گووتەیەکیدا پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و جیھان کرد و سڵاوی بۆ پێشمەرگەکانی بەرەی جەنگ نارد و سەرکەوتنی بۆ گەلی کوردستان خواست.
دوابەدوای پێشکەشکردنی گوتار و خوێندنەوەی سرودی ئەی رەقیب ئاگری نەورۆز لە سەر قەڵای پارکی شاندەر ھەڵگیرسێندرا و بەشداربووان بە چەپڵە رێزان و درووشمی "بژی پێشمەرگە" ئاھەنگیان گێڕا.
سلێمانی .. "نەورۆزی بەرگریکردن لە پێشمەرگە "
چالاکییەکانی رێوڕەسمی نەورۆز لە پارێزگای سلیمانی بە مانۆڕی سەربازی پێشمەرگە و مارشی سەربازی دەستی پێکرد.
رێوڕەسمەکە لەشەقامی سەرەکی سالم بەبەشداری سەدان کەس کە جلی کوردیان لەبەر کردبوو و ئاگری نەورۆز ھەڵگیرسا.
دواتر پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدوون گوتەیەکی پێشکەش کرد و ھیوای ئاشتی و ئاسایشی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە خواست و ئاگری نەورۆزی داگیرساند.
ئاسۆ فەرەیدوون ھەروەھا رایگەیاند کە ھێزەکانی پێشمەرگە خاکی کوردستان لە چەکدارانی داعش دەپارێزن بۆیە ئاگری ئەم نەورۆزە "نەورۆزی بەرگی ھێزی پێشمەرگەیە".
جەنگی دژ بەداعش نەیھێشت رێوڕەسم ساز بکرێت
بەھەمان چالاکی و گڕوتین رێوڕەسمی یادکردنەوەی نەورۆز لە شارەکانی دھۆک و ھەڵەبجە و شارۆچکەکان کرایەوە.
بەھۆی نەبوونی رێوڕەسمی فەرمی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھاووڵاتییانی لەچەند شوێنێک کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان داگیرساند و ئاگریان بۆ پشتیوانی و بەرز کردنەوەی ورەی پێشمەرگە داگیرساند.
ساڵانە لە پارک و سەنتەری شارەکان لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە چالاکی بۆ جەژنی نەورۆز ساز دەکرێت بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا بەھۆی رووبەڕوو بوونەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و شەھید بوونی زیاد لە ھەزار پێشمەرگە لەبەرکانی جەنگ رێوڕەسمی فەرمی ساز نەکرا.