ھەولێر / شوان سدیق
تا دێت لە ھەرێمی كوردستان، ھاووڵاتییان و نوێنەرانی ناوچەكان لە پەرلەمانی كوردستان، پرۆژە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، بۆ ئەوەی ناوچەكانیان، بەپێی یاسا بكرێتە پارێزگا.
بەپێی یاسا لە ئێستا جگە لە پارێزگای كەركووك، ھەرێمی كوردستان، پێكدێت لە چوار پارێزگا ھەولێر، سلێمانی، دھۆك، ھەڵەبجە.چەند قەزا و ناوچەیەكیش داوایانكردووە، سنوورەكەیان، بكرێنە پارێزگا لەوانە گەرمیان، كۆیە، رانیە، زاخۆ، سۆران، ئاكرێ و ئەو بڕیارانەی لە ساڵی ١٩٩٩ دراون.
پەرلەمانتار محەمەد عەلی بۆ ئانادۆڵو دەڵێت: "پێویستە بەرلەوەی بیر لە بەپارێزگاكردنی ناوچەكان بكرێتەوە، دەكرێت دەسەڵاتی مەركەزی بگەڕێنرێتەوە بۆ ناوچەكان".
گوتیشی: "ئەگەر بابەتەكە لامەرگەزی و دیموكراسی بێت ئێمە لەگەڵیداین بەڵام ئایا ئەو ھەموو ئیدارە و پارێزگایە دروست ببێت لە توانای ھەرێمی كوردستانە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەشكرد ناكرێت پاداشتكردنی خەڵك لە بەرامبەر ئەوەی خزمەتیان كردوە، ناوچەكەیان بكرێتە پارێزگا باشە ئێمە ھاوڕاین، باشترین خزمەتگوزاری و لامەركەزی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكان و پشتگیریشی دەكەین".
محەمەد عەلی كە ئەندامی فراكسیۆنی زەردیشە دەڵێت: "بە پەلە بڕیاردان لەسەر بە پارێزگاكردنی ھەر ناوچەیەك بەبێ ئەوەی ژێرخانێكی ئابووری و ئیداری بۆ دابین بكرێت و ناوچەكە چەند شیاوە بكرێتە پارێزگا كارێكی خراپە".
ھەرچەندە پڕۆژەكان، بۆ بە پارێزگاكردنی ئەو ناوچانە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەشێكیان لەلایەن ھاووڵاییانی ناوچەكان و بەشێكی تریش ھی فراكسیۆنەكانە.
لە ئێستادا پەرلەمانتاران تێبینیان لەسەر ئەو داخوازیە زۆرە ھەیە كە خەڵك داوا دەكەن، ناوچەكانییان بكرێتە پارێزگا. پەرلەمانتار سالار مەحموود لە فراكسیۆنی سەوز دەڵێت: "پێویستە بەوردی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بكرێت دەشێ ئەو پڕۆژانە كە دەخرێنە بەردەم كاری پەرلەمان، لەسەر بنەمای شایستەترین بخرێنە بەرنامەی كارەوە".
رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای بەپارێزگاكردنی قەزای كۆیە كرد.
پەرلەمانتار سالار مەحموود بۆ ئانادۆڵو گوتی "من لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە نیم".گوتیشی "پێویستە ھەر پرۆژەیەك بۆ بەپارێزگابوونی قەزاكان لەسەر بنەمای زانستی و ژمارەی دانیشتووان و ستراتیجی ئاییندەی ھەرێمی كوردستان بێت، بۆ نموونە خەڵكی گەرمیان، شایستە ترین ناوچەیە بكرێتە پارێزگا چونكە گەرمیان ساڵی ١٩٩٢ بەناوی پارێزگای كەركووك لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و ھەولێر و دھۆك دامەزرا، لە یەكەم كابینەی حكوومەتی ھەرێم بارەگای پارێزگاكەش لە دەربەندیخان بوو تا ساڵی ٢٠٠٣ دواتر بە بڕیار ئیدارەی گەرمیان دامەزرا".
سالار مەحموود ئاماژەی بەوەشكرد: "دوای ئەوەی كەركووك بێتەوە سەر ھەرێمی كوردستان، ھەڵەبجەش شایستەی بوو دواتر حەقی گەرمیانە و نابێت دوا بكەوێت".
سالار دەشلێت: "ئێستا لەبەر خاتری قوربانی زۆر و كیمیابارانكردنی شارەكە خەڵكی گەرمیان بێدەنگیان كرد لە بەپارێزگا بوونی ناوچەكەیان، بەڵام دوای ھەڵەبجە لەڕووی جوگرافی و ئابووری و زۆر شتی تر گەرمیان شایستەیە".
نوێترین ناوچە كە كراوەتە پارێزگا شاری ھەڵەبجەیە ھەرچەندە لەڕووی یاساوە ھەڵەبجە بووە، بەپارێزگا بەڵام تا ئێستا ئیدارەی پارێزگاكەی دەست بەكار نەبووە، تەنانەت لە پرۆژە بودجەی ٢٠١٥ی ھەرێمی كوردستان، پشكی ھەڵەبجە دیاری نەكراوە، ئەوەش نیگەرانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانی لێ كەوتەوە.
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، عزەت سابیر گوتی: "دڵگرانین، كە پشكی ھەڵەبجە لە رەشنووسی پرۆژە بوودجەی ئەمساڵی ھەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە".