سلێمانی
ئەمڕۆ شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد لە سلێمانی و لەگەڵ رێكخەری گشتی ئەو حزبە نەوشیروان مستەفا كۆبونەوە.
دوای كۆبونەوەكە و لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا رایگەیاند: "ئەم كۆبونەوەمان لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر هەموو ئەوكێشەو گرفتانەی كە پەیوەندی بە نێوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە تاوەكو هەوڵ بدەین تێگەیشتنێكی هاوبەشمان هەبێت لەسەر هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی كە ئێستا لە ناو كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە تایبەت دوای روداوەكانی ئەم دواییەی یەمەن باسی لێوە دەكرێت".
نەوشیروان مستەفا لەبارەی پرسی وادەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و دەستوور و چۆنیەتی سازانی لایەنەكان لەسەر ئەو دوو تەوەرەیە دواو گوتی: "مەرجی سەرەكیمان یەكڕیزی نێوخۆی خۆمانە، گفتوگۆی تەواومان لەسەر ئەو پرسانە كردووە و بۆچونێكی هاوبەشمان گەڵاڵە نەكردوە، بەڵام هەمووان باوەڕمان وایە كە پێویستە پێش ئەو وادەیە ئەو پرسە لە پەرلەماندا یەكلا بكرێتەوە".
ئەوەشی گوت: "پێویستە لەسەر ئەو پرسانە تێگەیشتنی هاوبەشمان هەبێت و لەپەرلەمان یەكلا بكرێتەوە، بەڵام پێش پەرلەمان پێویستی بەوە هەیە لە نێو حزبەكان خۆیان یەكلا بكرێتەوە".
لەلایەن خۆیەوە سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازل میرانی گوتی: "ئامانجی سەردانەكەمان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر بابەتە ستراتیجییەكان و دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان".
ئەو گوتی: "وەك گەلی كورد لە كوردستانی عێراق خاوەنی فیدراڵیەتین، بەهۆی شەڕی داعش و دۆخی وڵاتەكەشەوە ئێمەش توشی شەڕی داعش بوین و پریشكی ئاگری ناوچەكە ئێمەش دەگرێتەوە".
میرانی گوتیشی: "هەموولا ئامانجی هاوبەشمان هەیە و پێویستە بۆچوونە جیاكان نزیك بكەینەوە، ئەمڕۆ هاتوین بۆ ئەوەی یەكڕیزی ماڵی كورد بپارێزین و ئەم سەردانانەش بەردەوام دەبێت، بە كۆبونەوەی نێوماڵی خۆمان دەتوانین كێشەكانی حكوومەت و ئەوانی دیكەش چارەسەر بكەین".