Sangar Hamad Azeez,Sarmand Hameed
24 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2016
لە ئاکامی پەلامارێکی تیرۆریستیدا لە هەکاری ٤ سەرباز گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی ئەمنی وەرگیراون، چەکدارانی پەکەکە لەسەر رێگای سەرەکی هەکاری - چوکورجە لە نزیک گوندی چیمەنلی بۆمبێکی چیندراوەیان داناوە و بۆمبەکەش بە کاروانێکی سەربازی تەقیەوە.
لە تەقینەوەکەش ٤ سەرباز گیانیان لەدەست دا.
لە ئەنجامی پەلامارێکی پەکەکە بۆسەر کاروانێکی سەربازی، لە شارۆچکەی دێریک سەر بە پارێزگای ماردین دوو سەرباز گیانیان لەدەست دا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە شارۆچکەی دێریک ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر ماڵەکان ئەنجامدرا.
لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەش لە نێو ماڵەکانەوە دەستڕێژێکی گوللـە بۆسەر هێزەکانی ئاسایش ئەنجامدرا و دواتر پێکدادان لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی ئاسایشی تورکیا روویدا.
لە رووداوەکەش دوو سەرباز گیانیان لەدەست دا.
لەسەر ئەو رووداوە پارێزگای ماردین روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "لە کاتژمێر٦:٢٠ خولەکی بەرەبەیاندا بە مەبەستی دەستگیرکردنی چەکدارانی پەکەکە ئۆپەراسیۆنێک لە گەڕەکی بایری شارۆچکەی دێریک ئەنجامدرا، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەش لە نێو ماڵەکانەوە دەستڕێژێکی گوللـە لە هێزەکانی ئاسایش کرا و دوو ئەفسەر بریندار بوون، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە هەردوو ئەفسەر شەهید بوون".