موسڵ
ھەرچەندە ناوی موسڵ لە سەرچاوە مێژووییەکان وەکو ناوەندێکی شارستانی، ئابووریی، بازرگانی و رۆشنبیریی دەھێنرێ، بەڵام ئەمڕۆ ناوی موسڵ یەکسانە بە تەقینەوە، توندوتیژیی و تیرۆر. ئەگەر رۆژانە نەبێ، ئەوا حەفتانە رووبەڕوی چەندین رووداوی کوشتن و تەقینەوە دەبێتەوە و کەس نازانێ ئەنجامدەرانی کێن و قوربانیەکانیش بە چ ھۆکارێک دەکرێنە ئامانج، زیاتر کەمینەی مەزھەبی و ئەتنیکی دەبنە ئامانجی ئەو ھێرشانە. لەم دواییانەدا جارێکی دیکە شەبەکەکان بوونە نێچیری ئەوانەی بە فیکر دەناسرێن و بە ناسنامە ناناسرێن. بۆ تێگەیشتن لە دوایین بارودۆخی موسڵ، بۆ تێگەیشتن لە باکگراوندی سیاسی، سەربازیی، کۆمەڵایەتی و ئایینی ئەو ھێرشانەی کە زیاتر مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج، بەڕێز ئەسیل نوجەیفی وەڵامی پرسیارەکانی AA دایەوە. لەو دیمانەیەیدا پارێزگاری موسڵ پێیوایە کاربەدەستانی عێراق جیاوازی لەنێوان پرسی تیرۆر و یاخیبوون ناکەن. بەڵام لەھەمان کاتدا پێیوایە ئەو شارە بە توانا ئابووری و مرۆییەکانی ھەڵدەستێتەوە.
AA: لەسەرەتا پێمانباشە پوختەیەک زانیاریمان لەبارەی موسڵ پێبدەی؟ گرنگی ئەو شارە لە چیدایە؟ ھەروەھا ژمارەی دانیشتوانی شاری موسڵ چەندە؟
ئەسیل نوجەیفی: پارێزگای نەینەوا کە شاری موسڵ ناوەندەکەیەتی، شارێکی زۆر کۆنە. تەمەنی بۆ ھەزاران ساڵی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، شارستانیەکی زۆر گەورە لەو شارە ھەیە. لەھەمان کاتدا لە رووی ئابووری و کلتووری بۆ چەندین سەدە پایتەختی ناوچەکەبووە. ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسە. لە رووی ژمارەی دانیشتووان و رووبەرەکەی دووەمین پارێزگای عێراقە. توانای ئابووری زۆر گەورەی تێدایە، بە پێوانەی عێراق موسڵ مەڵبەندی دابینکردنی خواردنی عێراقە، ناوچەیەکە عێراق وەکو سەرچاوەی خواردەمەنی پشتی پێدەبەستێت. سەرچاوەی سروشتی جۆراوجۆر لەو شارە دێرینە ھەیە. خاوەنی توانای مرۆیی زۆر نایاب و دەگمەنە، بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی تری عێراق ئاستێکی بەرزی رۆشنبیری ھەیە. بەھۆی نزیکی بوونی لە سەرچاوەی شارستانی، شارێکی سەردەمیە.
AA: سەرەڕای ئەوەی شارێکی دێرین، ئابووری و بازرگانیە، موسڵ بە کێشەی ئەمنی دەبێتە رۆژەڤی میدیاکان. ھۆکاری ئەمە چیە؟
ئەسیل نوجەیفی: ھۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لایەنە فەرمیە عێراقیەکان جیاوازی لە نێوان دوو پرسی جیاواز ناکەن. کە یەکێکیان تیرۆرە و ئەوەی دیکەشیان یاخیبوونە. ئەو گۆڕانکاریانەی لە عێراق روویدا لەلایەن خەڵی موسڵ پەسەند نەدەکرا، ماوەیەکی درێژ ھەستیان بە دابڕان لە بونیادنانەوەی دەوڵەت دەکرد. پێویستیان بە ماوەیەک ھەبوو تاکو ھەست بکەن بوونەتەوە شەریکی راستەقینەی بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراقی. ئەو دابڕانە بوە ھۆەی ئەوەی بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لەنێوان حکوومەت بەھەموو دەزگا ئەمنیەکانیەوە و ھاوڵاتیان دروستبێت.
ئەو کاتەی ئەرکی دەسەڵاتمان گرتە ئەستۆ، ھەوڵماندا مەودای ئەو بۆشاییە کەمبکەینەوە و تا رادەیەکیش سەرکەوتوو بووین. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی عێراق زۆرجار رووبەڕوی کردەوەی نا لۆژیکی لە کاری سیاسی دەبووینەوە کە ھێشتا نەیتوانیووە لە خەڵکی ئەم ناوچەیە تێبگات. بۆیە پێمانوایە ناڕەزایی خەڵکی موسڵ ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی رەوشی ئەمنی شارەکەیە.
AA: ئەو لایەنانە کێن کە ھەڕەشە لە موسڵ دەکەن و ھۆکاری دروستبوونی تەقینەوە و توندوتیژین؟
ئەسیل نوجەیفی: تەنیا دوو لایەن لەپشت ئەو تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستیانەن و کەسانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، ئەوانیش گرووپە تیرۆریستی و ملیشیاکانن.
AA: مەبەستت ئەو میلیشیایانەن کە لەلایەن حکوومەتەوە پشتگیری دەکرێن ؟
ئەسیل نوجەیفی: نەخێر، مەبەستم لەو ملیشیایانمە ئەوانەیە کە ئاراستەیەکی مەزھەبیان ھەیە و بە مەزھەبیەت ئاخێنراون. بۆیە دەڵێم دوو لایەن لە پشت ئەو کردەوانەیە، لایەنێکیان کە خوێندنەوەیەکی مەزھەبی سوننی ھەیە، پێی دەڵێن تیرۆر، لایەنێکی تریش کە ئاراستەیەکی مەزھەبی شیعیانەی ھەیە. کە دەڵێین تیرۆر و میلیشیا، دەخوازین بڵێین دوو لایەن ھەیە، چۆن لە پارێزگاکانی تر ململانێی یەکتر دەکەن، لە پارێزگای نەینەواش ململانێی یەکتر دەکەن. ھاوڵاتی لەو پارێزگایە ھەردوو لایەن رەتدەکەنەوە، بەڵام لەھەمان کاتدا ھەست بەوە ناکات کە توانایەک ھەیە دەتوانێ سنوور بۆ ھەردوولا دابنێ.
AA: لەناو موسڵ لە زۆربەی شوێنەکان دیواری کۆنکریتی دانراوە، لە ھەموو شوێنێک ئاسایش، پۆلیس و پێشمەرگە ھەیە، لەگەڵ ئەوەش تەقینەوە و ھێرشی چەکداری درێژەی ھەیە. ئەو کردەوانە چۆن ئەنجام دەدرێن؟
ئەسیل نوجەیفی: دیواری کۆنکریتی تیرۆر و تەقینەوە قەدەغە ناکات. بە مەزەندەی ئێمە، ئەو رێوشوێنە بۆ سەقامگیری رەوشی ئەمنی ھەڵەیە. ئێمە بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی لە بەغدا و دەسەڵاتی ئەمنی قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە دەبێ بە چەمکێکی سیاسی دۆسیەی ئەمنی تاوتوێ بکەین. چەمکێک کە بتوانێ زۆربەی ھاووڵاتیان بە بێ جیاوازی لەخۆ بگرێت و تەنیا تیرۆریستان گۆشەگیر بکات. بە داخەوە دانوستان لەگەڵ دۆسیەی ئەمنی نەک تەنیا لە موسڵ، بەڵکو لە تەواوی عێراق، نەک لە چوارچێوەی تیڕوانینێکی سیلسی، بەڵکو لە چوارچێوەی لۆژیکێکی رەھای سەربازی دەکرێت. ئێمە دەڵێین پێویستە تێڕوانینێکی سیاسیانە بۆ دانوستان لەسەر ئەو پرسە ھەبێ.
AA: ئەوانەی ئەو کردەوانە ئەنجام دەدەن لە کوێ دێن. لەناوەخۆ یان لە دەرەوە؟
ئەسیل نوجەیفی: لە ناوەخۆ زەمینەیەکی زۆر ھەیە بۆ لەباوەشگرتنی ئەو کەس و گرووپانە. بەڵام ھەندێکیان لە دەرەوەی عێراق دێنە ناو موسڵ. خەرجی ئەو کردەوانە لە دەرەوەی عێراق دابین دەکرێت. کەرستەی تەقینەوە لە دەرەوەی عێراق دابین دەکرێت. بەڵام لە ناوخۆ ژینگەیەک ھەیە کە تێیدا دەحەوێنرێنەوە بەتایبەت ئەو کەسانە زۆرجار پشت بە مەیلی مەزھەبی دەبەستن. واتە ئەو گرووپە تیرۆریستیانە، بارودۆخی مەزھەبی عێراق دەقۆزنەوە و خەڵک بۆ دابەشبوونی مەزھەبی ھاندەدەن بۆ ئەوەی سوود لەو بارودۆخە ببینن.
AA: عەرەب عەرەب دەکوژێ، موسڵمان موسڵمان دەکوژێ، ئەوە ھەستێکی زۆر نامۆ دروست دەکات. لەوبارەیەوە دوو پرسیارمان ھەیە. یەکەمیان: ئایا مۆرکی مەزھەبی لە پێش مۆرکی نیشتمانیەوەیە؟ دووەمیان: وەکو پارێزگارێک ھەست بەچی دەکەی لەو بارودۆخە؟
ئەسیل نوجەیفی: ئەگەر لە روانگەی ئایینی سەیر پرسەکە بکەین، دەتوانین ئەوانە بە فیکری خەواریجەکان بچوێنین کە لە سەردەمانێکی دیاریکراو لەناو مێژووی ئیسلام سەریانھەڵداوە و زۆرجار پشت بە بیرکردنەوە و لۆژیک نابەستێ، بەڵکو بۆ یەکلایکردنەوەی مەسەلەکان پشت بە توندڕەوی لە رادەبەدەر دەبەستێ. بەڵام کاتێک قسە لەسەر ئەو گرووپانە دەکەین ناتوانین بە چەمکی ئایینی قسەیان لەسەر بکەین، چونکە ئەو کەسانە ئامانج و خوێندنەوەی دیاریکراویان ھەیە، لە کاتی بیرکردنەوە لەو چوارچێوەیە دەرناچن. ئەوان لە سروشتی کۆمەڵایەتی ئێمە جیاوازن، جیاوازن لە ئامانجی مرۆڤایەتی ئیسلامی، کە ئایینی ئیسلام بانگەشەی بۆ دەکات.
AA: وەکو دەزانم زۆربەی دانیشتووانی موسڵ سوننە مەزھەبن، لەگەڵ رێژەیەکی کەمی شیعە و شەبەک. بۆچی زیاتر شەبەک و شیعە دەبنە ئامانجی ئەو ھێرشانە؟ بۆچی ناتوانرێ رێگا لەو ھێرشانە بگیرێت؟
ئەسیل نوجەیفی: پەیوەست بە شەبەک، ئەوانیش ھەندێکیان سوننە و ھەندێکیان شیعەنە. ئەوەی کە شیعەکان لە موسڵ رووبەڕوی دەبنەوە، رەنگدانەوەی ئەو کردەوانەیە کە سوننەکان لە زۆر شاری تری عێراقی رووبەڕوی دەبنەوە.
AA: کەواتە رووداوەکانی موسڵ، رەنگدانەوەی رووداوی ناوچە شیعە نشینەکانە؟
ئەسیل نوجەیفی: بەڵێ، کاتێک لە ناوچە شیعیەکان ھێرش دەکرێتە سەر سوننەکان، لێرە ھێرش دەکرێـە سەر شیعە مەزھەبەکان. ئێمە ئەو راستی و بیرکردنەوە و رێوشوێنە لە کارکردن رەتدەکەینەوە، بەڵام بە داخەوە ئەوە لە وڵاتی ئێمە لە ئەنجامی کاردانەوە روودەدات. لەھەمان کاتدا زۆرجار ھەندێک سەرکردەی سیاسی بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە ناکەن، ھەندێک سەرکردەی سیاسی ھەوڵ دەدەن پرسی مەزھەبی بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و مەسەلە سیاسییەکان بوروژێنێ، بۆ نموونە نوێنەری بەشێکی شیعەکانی عێراق، یان نوێنەری شیعەکان لە پارێزگای نەینەوا، کاتێک باس لە زوڵملێکردنی شیعە دەکات لەو پارێزگایە، دەبێتە بیانوو بۆ ئەوەی لایەنە سوننیە توندەڕەوەکان شیعە زیاتر بکەنە ئامانجی ھێرشەکانیان. پێویستە بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکرێ، پێویستە مەیلی مەزھەبی نەرمبکرێت.
AA: لە ھێرشێکی پێشووتر بۆ سەر شەبەکەکانی موسڵ، جەنابتان لە لێدوانێکی نووسراو، لێبوردنتان خواست خەمباری خۆتان راگەیاند کە شەبەکەکانتان نەپاراستووە. بۆ داھاتوو چی دەکەن، جارێکی تر ھاوخەمی خۆتان رادەگەینن؟ یان ئەوەتا بە کردەوە شەبەک دەپارێزن؟
ئەسیل نوجەیفی: بەداخەوە، وەکو پارێزگاری نەینەواو تا ئەمڕۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی لەدەستی ئێمە دانیە، بەڵکو لەدەستی سوپا دایە. لە راستیدا لەکاتی روودانی ئەو ھێرشانە، ئێمە زۆر ئازار دەکێشین، بەڵام چارەسەری لە دەستی ئێمەدانیە. تەنیا بە پەیڕەوکردنی فشار و زەقکردنەوەی ئەو مەسەلەیە لە راگەیاندن ھەوڵ دەدەین بۆچوونی خۆمان بۆ رای گشتی بڵاوبکەینەوە.
AA: بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونی بارودۆخی ئەمنی موسڵ پێش چەند رۆژێک سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق سەردانی ئەو پارێزگایەی کرد. لەو کۆبوونەوەیە گەیشتنە ئەنجامێک لەوبارەیەوە؟
ئەسیل نوجەیفی: ئەوەی زیاتر گفتوگۆمان لە بارەیەوە کرد، دەربارەی دۆسیەی ئەمنی بوو، کە ھێشتا لە دەرەوەی دەسەڵاتی پارێزگارە. سەرەڕای ئەوەی دەستوور و یاسای عێراقی دەڵێ:" پێویستە فەرماندەیی لە دەستی دەسەڵاتی مەدەنی دابێ". لەو کۆبوونەوەیە جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت لەبارەی دۆسیەی ئەمنی موسڵ، سوپا گوێ لە دەسەڵاتی مەدەنی بگرێ.
AA: پرسیارەکەم ئەوەبوو گەیشتنە ئەنجامێکی باش؟
ئەسیل نوجەیفی: بەڵێ، لەسەر ئەوە رێککەوتین کە دەبێت ھەماھەنگی لە ئاستێکی بەرزتر دابێ. جەختمان کردەوە کە دەبێت ھەماھەنگی لەنێوان سوپا و پارێزگا لەوبارەیەوە زیاتر بێ. لە داھاتوو کۆبوونەوەیەکی تر دەبەسترێ، تیایدا دەتوانین لەبارەی پڵانی چۆنیەتی پاراستنی خەڵکی مەدەنی گوێ لە بۆچوونی سوپا بگرین.
AA: ھەرێمی کوردستان کە دراوسێ ئێوەیە، پشتێنەیەکی ئەمنی بەھێزی دروستکردووە. بەمەش زەمینەی وەبەرھێنانی بۆ ھەزاران کۆمپانیای بیانی خۆشکردووە. بۆچی ئێوە کە دراوسێی ئەو ھەرێمەن، لەھەمان کاتدا دراوسێی سوریان و نزیکن لە سنووری تورکیا ناتوانن ھەمان پشتێنەی ئەمنی دروست بکەن؟ بۆچی دەروازە بۆ ئابووری و بازرگانی ناکەنەوە و موسڵ پێشناکەوێت؟
ئەسیل نوجەیفی: بارودۆخێکی نوێ لە ساڵی ١٩٩١ دەستی پێکرد. ماوەیەکی درێژە، ٢٣ ساڵە ھەرێمی کوردستان ئەو بارودۆخە نوێیە رێکدەخات، بەڵام تەنیا ٤-٥ ساڵە کۆمپانیا بیانیەکان بۆ وەبەرھێنان روودەکەنە کوردستان. پارێزگای نەینەوا، تەنیا ٥ ساڵە دەستی بە سەقامگیری سیاسی کردووە. بەر لە ٥ ساڵ ھیچ بەشداریکردنێکی خەڵکی ئەو پارێزگایە لە دەسەڵات نەبوو، حەزیان لە پێشبڕکێی ھەڵبژاردن نەدەکرد، بەشێک نەبوون لە سیستەمی نوێی دەسەڵات. ماوەی ٤- ٥ ساڵ بەشی سەقامگیری سیاسی ناکات و ناتوانێ زەمینەی ھاتنی کۆمپانیای وەبەرھێنان بڕەخسێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە بواری پێشەوەبردنی ئەو بارودۆخە بەرەو باشی دەڕۆین. ھەندێک کۆمپانیا روویان لە نەینەواو کردووە و ئێستا کاردەکەن، بەڵام کەمێکی تر پێویستمان بە کاتە.
AA: واتە ھیوادارن کە لە داھاتوویەکی نزیک بە مەرامی وەبەرھێنان کۆمپانیان رووبکەنە ئەو شارە؟
ئەسیل نوجەیفی: بە دڵنیایی ھیوامان گەورەیە، حەز دەکەین پڕۆسەی وەبەرھێنان لەو شارە دەست پێبکات.
AA: بۆ ئەو مەبەستە وادەیەکتان دیاریکردووە؟
ئەسیل نوجەیفی: لەو کاتەی دەستمان بە قسەکردن لەبارەی وەبەرھێنانی کۆمپانیاکانی نەوت کردووە، کۆمپانیاکان دەستیان بە جوڵەیەک کردووە، کە لەگەڵ رابردوو جیاوازە. بێگومان وەبەرھێنانی گەورە، کۆمپانیای گەورە رادەکێشێ، لەم ساڵەدا بە تایبەتی بەر لە ٢ مانگ پارێزگای نەینەواو دەرگای خۆی بۆ وەبەرھێنان لە بواری نەوت کردەوە. بە پشتیوانی خودا لەو رووەوە دەکرێینەوە.
AA: کێنە ئەو کۆمپانیانەی حاڵی حازر لەو پارێزگایە کاری وەبەرھێنان دەکەن؟
ئەسیل نوجەیفی: تا ئێستا ئەو کۆمپانیانەی ھاتوونەتە موسڵ، زیاتر لە بواری بەڵێندەرایەتی کاردەکەن، کاری وەبەرھێنان ناکەن. چونکە وەبەرھێنان ئەو کۆمپانیایە دەگرێتەوە، کە لە دەرەوە بە سەرمایەی خۆی روودەکاتە ئێرە. ئەوە بۆ ئێمە شتێکی نوێیە، کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان لە نەینەواو، زیاتر کۆمپانیای عێراقین و ھەندێکیشیان لە ھەرێمی کوردستانەوە ھاتوون.
AA: بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانیەکان رابکێشنە موسڵ ھیچ پڕۆژەیەکتان ھەیە؟
ئەسیل نوجەیفی: بەڵێ، ھەنگاوی یەکەممان بریتی بوو لە وەرگرتنی دەسەڵات و پارە لە حکوومەتی ناوەندی بە مەبەستی وەبەرھێنان. پارێزگای نەینەواو، نوێنەرایەتی ١١% عێراق دەکات، بە گوێرەی دەستووری عێراقیش دەبێت ئەو پارێزگایە لە ١١% داھاتی عێراقی بەربکەوێت. کەواتە ساڵانە بەشی پارێزگاری نەینەواو دەگاتە ١٢ – ١٣ ملیار دۆلار. لە رابردوو ئەو پارێزگایە لە ٣ ملیار دۆلاری زیاتر بەرنەدەکەوت، ئەمەش نیشانی دەدا کە پارێزگاکەمان لە رووی خەرجکردنەوە کەم و کوڕی زۆری ھەبوو. ئێستا توانیمان ئەو بڕیارە بە بڕیارێکی نوێ بگۆڕین، کە تیایدا پارێزگا دەسەڵاتی زیاتری ھەیە، تاوەکو بتوانێ رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان واژو بکات، پڵانی ئێمەش بۆ راکێشانی کۆمپانیای بیانی لێرە دەست پێدەکات.
AA: بەھۆی نزیکی سنوور و پەیوەندی پتەو لەگەڵ تورکیا، زۆربەی ئەو کۆمپانیانەی لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان دەکەن کۆمپانیای تورکین. لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا مەسەلەی چۆنیەتی راکێشانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەتان باس نەکردووە؟
ئەسیل نوجەیفی: بەڵێ ھەماھەنگی لە نێوانمان ھەیە، ھەندێک کۆمپانیای گەورەی تورکی ئێستا لە موسڵ دەستبەکارن و ھەندێکیشیان دەخوازن لە داھاتوو پڕۆژەی گەورە لە موسڵ بەئەنجام بگەیەنن. کۆمپانیایەکی تورکی پڕۆژەی وزەی کارەبای لە گەیارە دروست کرد کە توانای وەبەرھێنانی ٧٥٠ مێگا کارەبایە. ھەمان کۆمپانیا ئێستا خۆی بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی تر لە موسڵ ئامادە دەکات. چەند کۆمپانیایەکی تریش خەریکی دروستکردنی شارێکی وەرزشی و دروستکردنی باڵەخانەی نوێی پارێزگای نەینەوان.
AA: پەرتووکێکمان ھەیە کە وەرگێردراوەتە سەر زمانی تورکی کە بە عەرەبیەکەی ناوی (ڕلف اللیلە و اللیلە) کە باسی جوانیەکانی بەغدا لەسەردەمانێک دەکات، لەگەڵ ئەو باسکردنە لەھەندێک شوێن لەسەر باخ و باخچەکانی بابل و نەینەوا دەدوێ. ئێستا دەبینین بابل رووخاوە، بەغدا وێرانە و موسڵیش لە بارودۆخێکی خراپ دایە. ھەست بەچی دەکەن لەوبارەیەوە؟ چۆن دەڕواننە دواڕۆژی عێراق و موسڵ؟
ئەسیل نوجەیفی: من ھەموو کاتێ گەشبینم. پێموایە عێراق و ھەروەھا موسڵ بە شارستانی دێرینی خۆیان، کە تەمەنیان لە ٤٠٠٠ ھەزار ساڵ زیاترە، لەوانەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە بارودۆخێکی خراپ تێبپەڕن، بەڵام زەمینەی ھەستانەوە و خۆ نوێکردنەوەیان زۆر بەھێزە. من ئێستا نیشانەکانی ئەو راستیە دەبینم. ئەو شارە توانای مرۆیی و ئابووری ھەیە و لە رووی ستراتیجی جوگرافی شوێنێکی زۆر باشی ھەیە، بۆ ئەوەش زۆر ئاساییە بگەڕێتەوە پێگەی جارانی. لە ھەفتەی رابردوو، بە ھاوکاری ئەرشیفی عوسمانی، دەستمان بە کۆکردنەوەی ئەرشیفی موسڵ کردووە. چونکە تەنیا لەناو ئەرشیفی عوسمانی سەدان ھەزار بەڵگەنامە لەسەر موسڵ ھەیە. کەواتە ئێمە مێژوویەکمان ھەیە کە بە دڵنیایی نوێدەکرێتەوە.
AA: لە دوای تەقینەوەکانی ھەولێر، باسی ئەوە دەکرێت کە خەڵکی موسڵ بە زەحمەت دەتوانێ بچێتە ناو ھەرێمی کوردستان. دەڵێن خاوەن کار و کەسانی نەخۆش بە ئاسانی ناتوانن ھاتوچۆ بکەن. لەوبارەیەوە گازاندە ئاراستەی ئێوە دەکرێ؟
ئەسیل نوجەیفی: بەڵێ ئەوە راستە، من رێز لەو ھەڵوێستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرم، ھەوڵ دەدەن سەلامەتی خۆیان بپارێزن. من پێموایە ئەو بارودۆخە سوودی موسڵی تێدایە. زەحمەتی چوونە ناو ھەولێر بە سوودی موسڵ دەشکێتەوە، چونکە ئەم ھەنگاوە خەڵکی موسڵ ناچار دەکات پشت بەخۆیان ببەستن. بەتایبەتی لە رووی کار و بازرگانی. لەماوەی رابردوو وەکو دەرەنجامی ئەو سەقامگیریەی لە ھەولێر ھەبووە، خاوەنکار و سەرمایەدارانی موسڵ بەرەو ھەولێر رۆیشتن. ئەم بارودۆخە وایان لێدەکات بیر لە گەڕانەوە بکەنەوە.
AA: ئایا بەڕێز پارێزگاری موسڵیش پێیوایە عێراق بە کردەوە بەرەو پارچەبوون دەچێت؟
ئەسیل نوجەیفی: پێموایە عێراق بە کردەوە پارچە نابێت. بەڵام لە عێراق سەرکردەی لۆکاڵی دەردەکەوێ، کە پێویستی بەوە ھەیە لەنێوان خۆیان رێکبکەون، جەخت لەوە دەکەمەوە کە لە قۆناغی داھاتوو سەرکردایەتی کورد، شیعە و سوننە بێنە ئاراوە، کە دەتوانن لەگەڵ یەکتر دیالۆگ بکەن و لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە رێبکەون. چونکە بەرژەوەندیان لە یەکتێگەیشتن دایە. بەڵام ئەگەر عێراق دابەشببێ، ئەوا شەرێکی توندتر لەوەی لە سوریا ھەیە دروست دەبێت.
AA: دواجار کەی سەردانی تورکیات کرد؟
ئەسیل نوجەیفی: من لە ساڵی ١٩٧٥ بەدواوە سەردانی تورکیا دەکەم. ئەگەر نەڵێم بە سەدان، دەتوانم بڵێم بە دەیان جار سەردانی تورکیام کردووە. لەماوەی ٢ تا ٣ مانگ سەردانی تورکیا دەکەم.
AA: تورکیا لە بەرچاوت چۆنە ؟
ئەسیل نوجەیفی: پێموایە شاری ئەستەنبۆڵ جوانترین شارە لە جیھان، کاتێکی درێژە ئەو تێروانینە لەلای من دروستبووە. چونکە من لە سروشتی خۆم عاشقی رۆژھەڵاتم. شاری ئەستەنبۆڵ رەنگدانەوەی سیحری جوانی رۆژھەڵاتە بۆیە زۆر حەز لەو شارە دەکەم. دیسان باوەڕم بەوە ھەیە کە مێژوویەکی ھاوبەشی دورودرێژمان ھەیە، ماوەی ١٢٠٠ ساڵە مێژووی عەرەب – تورک تێکەڵاوکراوە، لەسەردەمی موعتەسەم لە دەوڵەتی عەباسی ئەو مێژووە تێکەڵاوبووە، بۆیە ئەگەر لە یەکتر دووربکەوینەوە، مێژووی خۆمان لەدەست دەدەین و ھەریەکێکمان کەسیاتی خۆمان لەدەست دەدەین.
news_share_descriptionsubscription_contact

