بەیروت
ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان حەسەن نەسروڵڵا، لەڕێی تەلەکۆنفرانسێکەوە بەشداریی کرد لە مەراسمی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی نەخۆشخانەی رەسولی ئەعزەم لە شاری بەیروت و تێیدا بانگەوازیکرد لە ئۆپۆزسیونی سوریا بەشداریی لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ بکەن وکەڵک لەو دەرفەتە وەربگرن.
نەسروڵڵا گوتی: "چارەسەری قەیرانی سوریا، دەستپێشخەرییەکی سیاسییە لە چوارچێوەی دیالۆگی بێ شەرت و مەرجدا، بۆیە دەبێ بەشداریی لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ بکەن تا کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرن، ھەموو جیھان دەزانێ دەستتێوەردانی سەربازیی چارەسەری قەیرانەکەی پێ نییە."
نەسروڵڵا جەختیکردەوە شکستھێنانی پرۆسەی چارەسەری سیاسی لە سوریا، مانای بەردەوامبوونی کوشتن و کاولکردنی سوریایە لەوبارەیەوە گوتی: "بۆیە داوای لە ئۆپۆزسیونی سوریا دەکەم ھێزی خۆیان یەکخەن و بە یەکپارچەیی و یەکھەڵوێستی ھەڵسوکەوت بکەن."
نەسروڵڵا ھەروەھا گوتی: "قەیرانی سوریا لە رووی ئابووریی، مرۆیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئاسایشییەوە کاریگەریی خراپی لە سەر لوبنان ھەبووە، ھەندێ گروپی لوبنانی دەیانەوێ چارەنووسی داھاتووی لوبنان بە سوریاوە ببەستنەوە."