Fakhradin Ibrahim Mohammad
09 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رادەگەیەنن کە پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى هه‌موو لایه‌كه و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویسته پێكه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى جددى و كرده‌یى بنێن.
دوای کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەڕێوە چوو، دوو لایەن راگەیەندراوێکی هاوبەشیان دەرکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "شاندى هه‌ردوولا گفتوگۆى ڕاشكاوانه و بهرپرسانهیان له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كان كرد و دووپاتى به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شیان به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى و حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه. هه‌ردوولا كۆك بوون كه پێویسته پێكه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى جددى و كرده‌یى بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى نێوانیان و هه‌موو تواناكانیان بخرێنه گه‌ڕ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه و پشتیوانیى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ خزمه‌تكردنى هاووڵاتیان. بارودۆخى ئه‌منیى هه‌رێمى كوردستان و ڕێزگرتن له قه‌واره‌ى سیاسى و ده‌ستووریى هه‌رێم ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوو. هه‌ردوولا كۆك بوون كه پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى هه‌موو لایه‌كه".
بە پێی راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، "هه‌ردوولا پشتگیریى خۆیان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵ و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق دووپات كرده‌وه و له‌م ڕووه‌وه هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى نێوان نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا و دووپاتى به‌رده‌وامیى ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه كرایه‌وه".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه سیاسى و ئیدارییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كرا، لە نێویشیاندا بابەتی لامەرکەزییەت لە هەرێمی کوردستان. هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات کردەوە بە ڕێکكەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریهتیى ھاوبەش و نەهێشتنی ڕۆتین لە ڕاییکردنی کاری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەکان. لەم ڕووەوە هه‌نگاوه‌كان به ئه‌رێنى هه‌ژمار كران و دووپاتى به‌رده‌وامیى كارى هاوبه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنى ته‌واوى ڕێككه‌وتنه‌كان كرایه‌وه و میكانیزمى گونجاو له‌و ڕووه‌وه بڕیارى لێدرا".
له كۆتاییدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە به‌رده‌وامیى دەدەن بە "كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى له‌ناو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا كه ئامانج لێى خزمه‌تكردنى هاووڵاتیان و تێپه‌ڕاندنى ئه‌و بارودۆخه سه‌خته‌ى سه‌ر شانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانە".