Hawkar Yaseen
29 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێککەوتنی پێکهاتەکانی کەرکووکی پەسەند کرد کە لەبارەی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنەوە دوای مشتومڕ و گفتوگۆیەکی چڕ لەسەری رێککەوتن.
لەمبارەیەوە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خسرۆ گۆران رایگەیاند "دوێنێ تاوەکو کاتژمێر سێ و نیوی بەرەبەیان لە پەرلەمانی عێراق بووین، دوای چەندین شەڕ، مشتومڕ، بایکۆت و قسەکردن گەیشتین بە رێککەوتنێکی مامناوەند، لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان کە هەرسێ لامان رازیبین پێی، رێککەوتنەکە پڕبەدڵی ئێمە نییە سەد لە سەد، بەڵام ئەوە واقیعێکە".
خسرۆ گۆران لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە حەزمان دەکرد کەرکووک یەک بازنەبوایە وەک پێشتر، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو یاسا نوێیە دەبێت هەر پارێزگایەک ببێتە چەند بازنەیەک، کەرکووک-یش وەک هەر پارێزگایەکی دیکە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی خۆی دەبێتە سێ بازنە، بازنەی باکوور/ رۆژهەڵات، بازنەی ناوەڕاست و بازنەی باشوور/ رۆژئاوا".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خسرۆ گۆران دەربارەی شێواز و میکانیزمی دابەشکردنی کورسییەکان بەپێی بازنەکان گوتی: "بازنەی باکوور / رۆژهەڵات، ٩٩ لەسەدی دەنگدەرەکانی کوردە کە پێنج کورسی دەبێت، بازنەی ناوەڕاست تێکەڵاوە لە عەرەب، تورکمان و کورد و چوار کورسی دەبێت، بازنەی باشوور / رۆژئاوا کە ٩٩ لەسەدی عەرەبە و سێ کورسی دەبێت".
خسرۆ گۆران دەربارەی ئەو مەترسیانەش کە باسدەکرێت کورد لە کەرکووک رێژەی کورسییەکانی کەم بکات گوتی: "مەترسی هەیە یان نا لەسەر دەنگی کورد؛ ئەوە دەکەوێتە سەرئەوەی تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە هەر لایەنێک کاری گونجاو بکات بۆئەوەی زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت، بەپێی پیشبینی خۆم پێموایە دەتوانین شەش کورسی بەدەستبهێنین و شەڕبکەین بۆ کورسی حەوتەمیش".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەوەی چەند لایەنی کوردی بە رێککەوتنەکە رازیبوون رایگەیاند "ئێمە و یەکێتی بەتایبەتی پێی قایلبووین و لایەنە کوردییەکانی دیکەش ئامادەبوون لەوێ لەکاتی گفتوگۆکان و رازیبوون".
بەپێی رێککەوتنی پێکهاتەکانی کەرکووک کە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا، ١٢ کورسییەکەی پارێزگای کەرکووک بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکراوە و دابەشکردنەکەش بەم جۆرە دەبێت:
یەکەم: رۆژهەڵاتی قەزای ناوەند، پێنج کورسی، کورسییەکیان بۆ کۆتای ژنانە.
دووەم: قەزای ناوەند/ ناوەڕاست، چوار کورسی، کورسییەکیان بۆ کۆتای ژنانە.
سێیەم: حەویجە و ریاز، سێ کورسی، کورسییەکیان بۆ کۆتای ژنان.