Rewa Mahmood Hasan
29 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2020
هەڵەبجە - AA
فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردسستان، بێگەرد تاڵەبانی و پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفێق دەستی پێکرد.
پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفێق وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرجەم میوانانی فێستیڤاڵەکە، دەستخۆشی لەو هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە هاوکاربوون لە ئەنجامدانی فێستیڤالەکە.
دواتر وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردسستان، بێگەرد تاڵەبانی گوتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و لەسەر ئەرک و کار و چالاکییەکانی وەزارت بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردسستان، بێگەرد تاڵەبانی و پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفێق دەستی پێکرد. ( Fariq Faraj Mahmood - ئاژانسی ئانادۆڵو )
بێگەرد تاڵەبانی لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ)، گوتی: "سەرەڕای دۆخی نەخوازراوی تەندروستی و قەیران، بەڵام فێستیڤاڵ ئەنجام دەدرێت، من جیا لە رۆژانی پێشوو دەمەوێت پێتان بڵێم لە سەرەتای دەستپێکی کارکردنەمەوە، توانیومانە بەردێک بخەینە سەر بناغەی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمدا، هەوڵی تەواو دەدەین بۆ زیاترکردنی بەرهەمی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان و هەناردەکردنیان".
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە نەمانتوانیوە بەرهەمی خۆماڵی. بەرینە دەرەوە، ئەوەیە نەتوانراوە، شەهادەی تەندروستی بدرێت بە بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان، بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی لەسەر هێڵین تاوەکو ئەوە چارەسەر بکەین. تا ئێستا توانیومانە لە رێگەی زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دەرەوەی وڵات و رێگریکردن لە هێنانی چەند بەرهەمێک لەکاتی پێگەیشتنیان لەناوخۆ، پەرە بە ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ بدرێت".
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: "توانیومانە بەردی بناغەی سێ کۆگای گەورە بۆ گەنم دانراوە و ئەمە وەچەرخانێکی گەورەیە بۆ ئاسایشی خۆراک و کڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بێگەرد تاڵەبانی بە تایبەتی باسی لە هەڵەبجە کرد و گوتی: "بۆ هەڵەبجە کە ئێستا دەست دەکەن بە نەشونما و جووتیارەکانی چەندین بەرهەمی جوان دەخەنە بەردەستی کۆمەڵانی خەڵک، چەند پرۆژەیەکمان دەستپێکردنەوە".
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کارەکان لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوە لە هەناری هەڵەبجە و بردنە دەرەوەی بۆ ئەورووپا دەستی پێکردووە و لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەی دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی خۆراکن لەو پارێزگایە.
بێگەرد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەو پڕۆژانە کرد کە وەزارەت وەک ژێرخانی کاری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات و گوتی: "تا ئێستا ٣٣ پرۆژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی مۆڵەتیان پێدراوە. پرۆژەکان لە تەواوبووندان بۆ بەرهەمی هێلکە کە توانای بەرهەم هێنانی ٥٠ هەزار هێلکەی هەیە لە رۆژێکدا و لە کۆتاییدایە. پرۆژەی بەرهەمهێنانی شیری مانگا و بزن، مامەڵەکەی لە کۆتاییدایە. پرۆژەی مریشکی گەورە و ئاسایی لەسەرەتادان و بە نزیکترین کات تەواو دەبێت. لە چەند رۆژی رابردوو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارگەی دۆشاوی شارەزوور کۆبووینەتەوە و کارمان کردووە بۆ دابەشکردنی تۆێی تەماتەی تایبەت بە دۆشاو. کۆگای ساردکەرەوە، تەواوکاری بەرهەمهێنان لەسەر ٢٥ دۆنم، کارگەی دروستکردنی سندوقی میوە، کارگەی دروستکردنی چپسی پەتاتە لە چوارچیوەی ئەو ناوچە پیشەسازییە خۆراکییەدان".
لە کۆتاییدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند "سەلاحییەتی لێخۆشبوونی گومرکی بۆ هەموو ماددە سەرەتاییەکان لە کەرتی کشتوکالدا بەکاردێت و لەناوخۆدا دروست ناکرێن، کارێکی ترە بەم نزیکانە دەستپێدەکەین".