ئەمڕۆ شەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢١، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە بەغدا کۆبووەوە.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، ھەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوان و ھاریکاریی ھەردوولا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، دۆخی تەندروستی و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید_١٩ و زیادبوونی ژمارە و رێژەی تووشبوون بە پەتاکە و ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزرایی تەندورستیی و پێکوتە، تاوتوێ کراون.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ستایشی بەرەوپێشچوونی دامەزراندنی میکانیزمە دەستوورییە ناوخۆیییەکانی کرد و ئاماژەی بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی دادگای فیدراڵی و تێپەراندنی یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دا و ھیواشی خواست بە وردی جێبەجێ بکرێت و لەسەر بنەمای دادگەری لە دابەشکردنی سامانەکاندا، پابەندی پێوە بکرێت.
ھاوکات کازمی جەختی لە پێویستیی تۆکمەکردنی ھاریکاریی ئەمنیی نێوان بەغدا و ھەولێری کرد بە شێوەیەک کە سەقامگیریی ناوخۆیی دابین بکات و رێگە لە ھەر بۆشایییەکی ئەمنی بگرێت کە تیرۆر و تاوانی رێکخراو بیقۆزێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دووپاتی کردەوە کە چەندبارەبوونەوەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، کۆمەڵێک پەیامی دروست بۆ تەواوی عێراقییەکان دەنێرێت و دەبێتە ھۆی بنیاتنانی متمانە و نیشاندانی نیازپاکی، گیانی ھاریکاری و ھەماھەنگیش لە ھەموو بوارەکاندا ھان دەدات لەپێناو بەرژوەندیی وڵاتدا.
کازمی ھەرلەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە سەردانی داھاتوویشی بۆ ھەرێمی کوردستان کردووە.
لای خۆیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەغدا دەربڕی و لەم چوارچێوەیەشدا باسی لە ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و دووپاتی کردەوە کە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی رابردووی عێراق و سەردان و دیدارکانی کازمی، پێگەی عێراقی خستەوە بەرچاو و رۆڵی ئاساییی وڵاتی لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەگێڕێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا تیشکی خستەسەر پەیڕەوکردنی دانایی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ھاریکاریی ئەمنی و بەرەوپێشبردنی بە پێویست لە قەڵەم دا، ھەموو پشتگیرییەکیشی بۆ حکوومەتی فیدراڵ و تۆکمەکردنی پێگەی دەوڵەت دووپات کردەوە بە شێوەیەک بتوانێت بەرەنگاری تەحەدییەکان ببێتەوە.
ھاوکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایشی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختیشی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی ھەولێر ـ بەغدا رێگە بۆ سەقامگیریی زیاتر و پێشکەوتنی عێراق خۆش دەکات.
لە پاڵ ئەمانەش لە دیدارەکەدا، بارودۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، پێشھاتەکانی پەتای کۆڤید_١٩ و کاریگەرییەکانی، پرۆسەی کوتان و رێکار و ھەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، مەترسییەکانی تیرۆر و ھەڕەشەکانی داعش، ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی تاوتوێ کران.
ھەردوولا جەختیان لە پێویستیی ھاوکاری و پێکەوەکردنی ھەموو لایەن و پێکھاتە عێراقییەکان بۆ تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان و ھەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی باشتر کردەوە و ھیوایان خواست پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق سەرەتایەک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا و جێبەجێ بکرێت. ھەردوولا ھاوڕا بوون کە میکانیزمێکی کارا بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و پشتگیریی ھاوپەیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش پێویستە و دەبێ کاری لەسەر بکرێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیشی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو کێشە و گرفتەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و لە چواچێوەی سیستمی فیدراڵیدا چارەسەر بکات و لەگەڵ ھەموو لایەن و پێکھاتە عێراقییەکان پێکەوە کار بۆ ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە بکات، چارەسەکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بە کلیلی ئارامی و سەقامگیریی عێراق لە قەڵەم دا.