Zana Natık Kerem
10 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت تاوتوێی گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانیان لە عێراق کرد.
نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە ئەحمەد ئەبو غێت کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن ئامادەی بوو، سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و تەواوی ئەو کێشانەی ئێستا کە رووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە، بەتایبەتی پەتای کۆرۆنا و پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی، ھەروەھا پشتیوانیکردن لە ھێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری و ھاریکاری ئابووری و دەرفەتی گەشەپێدان، گفتوگۆکراوە.
باس لەوەشکراوە کە ھەر لە میانی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاندووە، ھەوڵەکانی عێراق بەئاراستەی پشتیوانییە لە دیالۆگی جیددی لە پێناو یەکلایکردنەوەی کێشەکان و کەمکردنەوەی گرژی و پەرەپێدانی ھاریکاری بۆ چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەشێکی گرنگە لە ئاسایش و ئارامی عێراق، ھاوکات جەختیکردووەتەوە لە بەھێزکردنی ھاریکاری بازرگانیی و ئابووری و پشتیوانیکردن لە دەرفەتی وەبەرھێنان و گەشەپێدان، ھەروەھا باسی لە گرنگی رۆڵی کۆمکاری عەرەبی کردووە لە ھێنانەکایەوەی ھەماھەنگیی ھاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەندام.
بەپێی راگەیەنراوەکە لای خۆیەوە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت لە میانی دیدارەکەدا وردەکارییەکی تەواوی لەبارەی کارەکانی کۆمکاری عەرەبی خستووەتەڕوو بۆ بەھێزکردنی ھاریکاری عەرەبی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، ھەروەھا جەختیکردووەتە لە پشتیوانی کۆمکاری عەرەبی لە حکوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەروەریی عێراق.