Heman Hussein Yaseen
10 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە ، ١٠ی نیسانی ٢٠٢١، شاعیری كورد، ئەحمەد دڵزار، بە ھۆی نەخۆشییەوە لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد.
ئەحمەد دڵزار جگە لەوەی خاوەنی سەدان شیعرە بە زمانی کوردی و عەرەبی، ھاوکات نووسین و بیرەوەرییەکانی فەرھەنگی بابا تاھیری ھەمەدانی کە بەزاراوەی لوڕیە وەرگڕاوەتە سەر زاراوەی سۆرانی.
دڵزار ناوی تەواوی "ئەحمەد کوڕی مستەفا کوڕی محەمەد ئاغای حەوێزی"ـە، لە ھەشتی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە شاری کۆیە لە دایک بووە، لە تەمەنی حەفت ساڵیدا ماوەی دوو ساڵ لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٢٩ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی، پاشان قوتابخانەی ناوەندی و لە ساڵی ١٩٤١ کۆتایی بەم قۆناغە ھێناوە و دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە و دوای ئەو قۆناغە دەستی داوەتە شیعر نووسین.
ئهحمهد دڵزار ساڵی ١٩٥٩ بە ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی عێراق وەرگیراوە. لە ساڵی ١٩٧٠ بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نووسەرانی کورد ھەڵبژێردرا.
لەنێوان ساڵانی ١٩٧٤ بۆ ساڵی ١٩٧٩ نوێنەری بەرەی نیشتمانی بووە لە لیژنەی ھەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی یاسا دانان بووە لە ھەرێمی کوردستان. لە ساڵی ١٩٧٥ بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا.
ئەحمەد دڵزار دوایین بەرھەمی شیعری بە ناوی "بژاردەیەک لە شیعرەکانی دڵزار" لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکردووەتەوە و لەم چەند ساڵەی دواییدا بەھۆی ھەڵکشانی تەمەنییەوە، ئەحمەد دڵزار لە دۆخێکی تەندروستی خراپ دا دەژیا و کەمێک پێش ئێستاش لە تەمەنی ١٠١ ساڵییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.