Sarmand Hameed
29 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2023
ھەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی جەختی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیارییکراوی خۆیدا کردەوە و رایگەیاند لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەھاکانی دیموکراسی پێویستە ئەم پرۆسەیە لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ھاوبەشی نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە ھەولێر کرد کە پێکھاتبوو لە کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر، رۆزی کەیڤ و کۆنسوڵی گشتیی ھۆڵەندا لە ھەولێر، جاکۆ بیرندس و کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەولێر، کلاوس ستریچێر و بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەکێتی ئەورووپا لە ھەولێر، تۆکلید بیگ و بەرپرسی بەشی سیاسیی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر، کاتریەن کرۆفت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشھاتە سیاسییەکان و پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنەکان ئاڵوگۆڕ کرا و شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەھا دیموکراتییەکان و پاراستن و بەھێزکردنی بنەماکانی شەرعییەت لە ھەرێمی کوردستان کردەوە.
ھەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی کورتەیەکی لەبارەی پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان بە فەرھەنگی دیموکراسی و ھەڵبژاردن بۆ شاندی خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا کە گەلی کوردستان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیێت و بەھاکانی دیموکراسی پیادە بکرێت و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ١٩٩١ لە شاری کۆیە بۆ یەکەمجار رایگەیاندووە کە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
مەسعود بارزانی ئەوەشی بۆ شاندی میوان دووپاتکردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەھاکانی دیموکراسی، پێویستە لە ھەرێمی کوردستاندا ئەمساڵ ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە بابەتی چۆنیيەتیی بەشداریی پێکھاتەکانیش، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاندووە کە "پێکھاتەکانی ھەرێم خۆیان چ بڕیارێک بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین".