Haydar Şahin
01 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2023
تاران - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی رایگەیاند کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی بەم زووانە سەردانی سووریا دەکات.
کەنعانی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لە تارانی پایتەختی ئێران سەبارەت بەو هەواڵەی کە گوایە تاران لە تۆڵەی دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێرانی لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەر نەوتی ئەمریکادا گرتووە، گوتی: "لە هەر شوێنێک بەرژوەندی نەتەوەیی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
گوتەبێژەکەی ئێران هەروەها بەبێ ئەوەی زانیاریی لەبارەی وادەی سەردانەکە بدات رایگەیاند کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی بەم زووانە دەچێتە سووریا.
بە ئاماژەدان بەوەی کە سووریا چووەتە قۆناغی دووبارە بنیاتنانەوە، کەنعانی دووپاتیکردەوە کە "ئێران ئامادەیە بە توانای تەکنیکی و ئابووریی خۆی لەم پرۆسەیەدا لە پاڵ حکوومەت و گەلی سووریادا بوەستێت".
سەرکۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی بەشار ئەسەد، بە یاوەریی شاندێکی ئابووری و سیاسی گەشتێکی دوو رۆژە بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
ئەم سەردانە، دوای شەڕی ناوخۆ لە سووریا کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێ کرد، دەبێتە یەکەم سەردان(ی سەرکۆمارێکی ئێران) کە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی ئەنجام دەدرێت.
دوایین سەردانی ئێران بۆ سووریا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٠ بوو.