Abdullah Abdulmanaf Shukur
16 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2021
ھەولێر - AA
ئەمرۆ ھەینی ١٦ی نیسانی ٢٠٢١، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە پێشوازی لە راگەیەندراوە ھاوبەشەکەی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەکات کە تێدا ئیدانەی ھێرشەکەی شەوی چوارشەممەی سەر ھەولێر-یان کردووە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "پێشوازی لە ھەڵوێستی دۆست و ھاوبەشانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەم کە بە کۆی دەنگ سەرکۆنەی ھێرشی ئەم دواییەی ھەولێریان کرد. ئێمە ئامانجێکی ھاوبەشمان ھەیە کە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ھەموو خەڵکی عێراق و سەرکەوتنە لە شەڕی دژ بە داعش".
ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا بە توندی ئیدانەی ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر-یان کرد.