Sarmand Hameed
14 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، رێوشوێنەکانی هاتوچۆکردن سنووردار دەبێت تا ئەوکاتەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت.
مەسرور بارزانی لە تویتێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە "ئەمڕۆ بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ ژووی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کرد".
مەسرور بارزانی لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ژووی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر نووسیوویەتی: " سوپاسم کردن بۆ ماندووبوون و دڵسۆزییان، داواشم لێکردن بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەبارەی هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ کە لە ١٤ی ئاداری رابردووەوە راگەیەنراوە، رایگەیاندووە: "رێوشوێنەکانی هاتوچۆکردن سنووردار دەبێت تا ئەوکاتەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.