Sarmand Hameed
14 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2020
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازیی لە کۆدەنگی سەرکردە سیاسییەکانی شیعە، سووننە و کورد لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەکات.
مایک پۆمپیۆ لەسەر باردۆخی سیاسیی لە عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
بەیاننامەکەی پۆمپیۆ کە بەهەردوو زمانی عەرەبی و کوردی لەسەر پەڕەی فەرمی کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمریکا چاوەڕێی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقە کە توانای رووبەڕووبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) و باشترکردنی کێشە ئابوورییە ھەنووکەییەکانی وڵات وھێنانی ھێزەچەکدارەکانی بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت ھەبێت.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا پۆمپیۆ رایگەیاندووە: "ئێمە پێشوازیی دەکەین لەوەی کە دیارە سەرکردە سیاسییەکان لە شیعە، سووننە و کوردەکان گەیشتوونەتە ھاودەنگی لەسەر پێکھێنانی حکوومەت وھیواخوازین حکوومەتی نوێ بەرژەوەندییەکانی عێراق لەپێشەوە دابنێت و لە ئاست پێداویستیەکانی خەڵکی عێراقدا بێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ راشیگەیاندووە، خەڵکی عێراق داوای چاکسازی راستەقینە وسەرکردەی متمانەپێکراو دەکەن. ئەم داواکاریانە شایەنی ئەوەن بەبێ توندوتیژی وسەرکوتکردن وەڵامبدرێنەوە. ئێمە پشتگیری لە خەڵکی عێراق دەکەین لەوکاتەی کە داوای عێراقێکی خاوەن سەروەری و گەشەسەندوو و خاڵی لە گەندەڵی و تیرۆر دەکەن".